بلاک وۆتەر… ڤاگنەرەکەی ئەمریکا

964+

ژووری هەواڵ

باسی گەرمی ئەمڕۆی جیهان ڤاگنەرەکەی روسیایە، ئەو هێزە شەڕخوازەی لە سوپای روسیا هەڵگەڕایەو هەر زووش خۆی دا بە دەستەوە، بەڵام دەزانن ئەمریکاش چەند هێزێکی سێبەری لەو شێوەیەی هەیە؟

بلاک وۆتەر، کۆمپانیایەکی ئەمنی ئەمریکی بەدناوە، ئەو کاتە زیاتر ناوی بڵاوبووەوە کە لە عێراق بە دەیان کەسی سیڤیلی کوشت.

سێپتەمبەری ساڵی 2007 کۆمەڵێک چەکداری دەمامکدار کە پاسەوانێتی بەرپرسێکیان دەکرد بە شێوەیەکی هەڕەمەکی گۆڕەپانی نسور لە بەغدا، کەوتنە دەستڕێژی گولە و فڕێدانی نارنجۆک بە رووی رێبواراندا، چواردە هاوڵاتی سیڤیلی عێراقییان کوشت دوانیان منداڵ بوون.
ساڵانی دواتر لەسەر ئەم رووداوە دادگایەکی ئەمەریکی چوار چەکداری بلاک وۆتەری حوکمدا، هەندێکیان زیندانی هەتا هەتایی و هەندێکی تریان بە سی ساڵ زیندانی حوکم دران، بەڵام لەپڕ دۆناڵد ترەمپ دەرکەوت و دەرکەوت و لێبوردنی بۆ هەر چواریان دەرکرد، هەموو دنیا وتی ئەم کۆمپانیایە لە ناو سوپاو دەوڵەتدا بە قووڵی دەستی دەڕوات.

بلاک وۆتەر ساڵی 1997 لەسەر دەستی ئەفسەرێکی مارێنز بەناوی ئێریک پرێنس دامەزراوە، کۆمپانیاکە خاوەنی تانک و زرێپۆش و کۆپتەرو کەشتی سەربازی و تیمی هەواڵگری تایبەتە و زیاتر لە 21 هەزار چەکداری بە کرێگیراوی هەیە، چەکدارەکانیشی زۆربەیان ئەفسەر و سەربازانی پێشووی سوپای ئەمەریکا و باقی سوپای وڵاتانی تری جیهانە، بەتایبەتی ئەوانەی حەزێکی گەورەی شەڕانخوازییان هەیە.

ساڵی 2000 بلاک وۆتەر یەکەمین گرێبەستی لە حکومەتی ئەمریکی وەرگرت، پاش ئەوە لە جەنگی ئەفگانستان بەشداری کرد.

ناوو ناوبانگی بلاک وۆتەر ئەو کاتە دەرکەوت کە پاش ساڵی 2003 بەشێکی دۆسێی ئەمنی عێراقی وەرگرت، ئەم کۆمپانیایە لە ناو بەغداو هەندێ شاری دیکەی عێراق ئەوەندە دەست رۆیشتوو بوون کە نە سوپای ئەمریکی و نە هێزە عێراقییەکان نەیاندەتوانی لە رووی بوەستن.
پاش ئەو ئابڕووچوونەی عێراق بلاک وۆتەر ناوەکەی گۆڕا بۆ (ئی ئێکس سێرڤز) و پاش ئەوەش ناونرا (ئەکادیمی).
ئەم کۆمپانیایە لە زۆربەی وڵاتانی دنیاوە چەکداری بەکرێ گرتووەو کەم شەڕی ناوخۆی وڵاتان هەیە لووتی تێوە نەژەنیبێت، لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیاو ئەمریکای لایت بلاک وۆتەر دەستی هەبووە لە کوشتنی سەدان کەسدا و تەنانەت تۆمەتبارە بەوەی چالاکییە سەرەکییەکی بریتییە لە بەقاچاخبردنی چەک و خۆشکردنی شەڕ لەو وڵاتانەی ناکۆکییان تێدایە.
رۆژنامەی نیویۆرک تایمز نوسیوێتی: بلاک وۆتەر پارەی لە ئیمارات و سعودییە وەرگرتووە بۆ شەڕی یەمەن.
چەکدارەکانی بلاک وۆتەر بە مانای وشە لەسەروو یاساوەن، تەنانەت دەوترێ کاتێک ئەمریکا دەیەوێت لە وڵاتێک گورز بوەشێنێت و لەسەری نەکەوێت، ئەوا داردەستەکەی بلاک وۆتەرە.
ئێستاش کە باس باسی ڤاگنەرە، دەوترێت روسیا ئەم ئەزموونەی لە ئەمەریکا وەرگرتووە و لە شوێنی بلاک وۆتەر، ڤاگنەری دامەزراندووە.