وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر بۆ 964:
“هەر باڵەخانەیەک ئاسانسۆرەکەی تەواو نەبێ خاوەنەکەی سزا دەدرێ”
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
کێشەی ئاسانسۆر لەناو پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون خەریکە دەبێتە دیاردە و تاوناتاو خەڵک گیردەخۆن لەناویاندا، هەندێکیان جگە لە قفڵبوونیان، کاتێک کارەبایان لەسەر دەکوژێتەوە، ئەگەر لە قاتی 12ـدا بێ، دێتە قاتی 11، ئەوەش هاوڵاتیانی تووشی دەردەسەری کردووە.
شاخەوان سەعید وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر بە 964ـی وت، “بەشی هونەریمان هەیە و هەر شوێنێک مەرجی سەلامەتی نەبێت یان سكاڵای لەسەر بێت، لێژنە دەنێرین بۆ بەدواداچوون، چونكە نابێ لە بەرزکەرەوەکاندا کەمتەرخەمی هەبێ و هەموویان دەبێ ستاندارد بن”.
“هەر شوێنیك پابەندی رێنمایی و رێکارەکان نەبێ لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵدا دەکەین و کەمتەرخەمەکان سزا دەدرێن”، شاخەوان سەعید وادەڵێت.
سەبارەت بە ئاماری ئاگرکەوتنەوەکانی ئەمساڵ، وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر ئاشکرای کرد، هەزار و 355 رووداوی ئاگرکەوتنەوە هەبوو و بەراورد بە ساڵانی رابردوو زیادیانکردووە، بەڵام دوای هەڵکردنی کارەبای پڕۆژەی رووناکی، ئاگرکەوتنەوەی ناوماڵ کەمیکردووە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری