پۆلیسی شارەزوور هەڵمەتی ئاگادارکردنەوەی خەڵکی دەستپێکرد

964+
ئەحمەد مستەفا – سلێمانی

هێزە ئەمنییەکانی شارەزوور لە بەردەم گوندی قەرەگۆل و لە دەروازەی قەزاکەیان بازگەیان داناوە و دانیشتووانەکەی لە رادەستکردنی چەکە بێ مۆڵەتەکان ئاگادار دەکەنەوە.

ئەمە یەکەمجارە هێزە ئەمنییەکانی ئەو قەزایە لە ئاگادارینامەیەکدا کە دەیدەنە دەست شۆفێران داوای ئەوە بکەن، ئەو هاوڵاتیانەی لە شارەزوور خاوەن چەکن دەتوانن ئێستا بێ بەرامبەر چەکەکانیان تۆمار بکەن.

هێزەکان لە پۆلیسی ناوخۆ و کارمەندانی هاتوچۆ پێکهاتبوون.

لە ئاگادارینامەکەدا کە وێنەیەکی دەست پەیامنێری 964 کەوتووە، داوای ئەوە کراوە لە خەڵک، “بۆ ئەوەی رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی نەبیتەوە پێویستە چەکی بێ مۆڵەت تۆمار بکەیت”.

لەو ئاگادارینامەیەدا ئاماژە بەوەشدراوە، بۆ تۆمارکردنی چەک پێویستە چەکەکەت و فیشەک و مەخزەنەکان لەگەڵ خۆت بهێنیت و دوای تۆمارکردنی لە هەمان کاتتدا رادەستت دەکرێتەوە.

بەشی پۆلیسی شارەزوور لە ناو بینای قایمقامیەتی شارەزوور دیاریکراوە بۆ تۆمارکردنی چەکەکان.

بەگوێرەی رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ بێت، تۆمارکردنی چەک بێبەرامبەرە، واتە هیچ بڕە پارەیەک وەرناگیرێت بۆ تۆمارکردن، هەروەها دوا وادە بۆ تۆمارکردنی چەک ( 21.7.2023)یە.

بەپێی هەمان رێنمایی، لەکاتی تۆمارنەکردنی چەک خاوەنەکەی سزا دەدرێت بە بەندکردن لە ساڵێک کەمتر نەبێت و لە سێ ساڵ زیاتر نەبێت وە بژاردنی بڕی دووملیۆن کەمتر نەبێت و پێنج ملیۆن زیاتر نەبێت.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق