30 ساڵ ئەنجومەنی شارەكە بوو
لە خورماڵ پەیكەر بۆ شێخ قادر دانرا
وەك رێزێك بۆ ئەو خزمەت و ماندوبوونەی ئەنجومەنی خورماڵ لە رابردوودا كردوویەتی ئەمڕۆ پەیكەرێكی بۆ دانرا.
شێخ قادر، زیاترلە 30 ساڵ ئەنجومەنی ناحیەی خورماڵ بوو، لەگەڵ ئەوەشدا دوكانێكی وردە و وشكەفرۆشی لە ناو بازاڕدا هەبوو، بەوە ناسرابوو زۆر هەرزانجان و دەستكراوەیە.
كاتێك منداڵێك دەچوە دوكانەكەی بۆ کڕینی شتێك، وەك دیارییەك نوقڵ یان بنێشت یان پسكیتێكی پێدەدا، بۆ ئەوەی جارێكی دیکە بگەڕێتەوە لای و خۆشەویستی بە منداڵەكە ببەخشێت.
لە دوكانەكەیدا دەفتەری قەرزی هەبوو، هەركەس پارەی نەدایە و نەگەڕایەتەوە بۆ دانەوەی فەرزەكە، ناوەكەی دەسڕییەوە و دەیبەخشی.
پەیكەرەكە مەتر و نیوێكە، لە سەرەتای دوو سایدی خورماڵ دانراوە، رەنگێكی قاوەی هەیە، كتێبێك بەدەستیەوەتی، وەك نیشانەیەك بۆ ئەو كەسانەی كە ناوی لە قەرزی دەفتەرەكەیدایە و بەخشیونی.
شێخ قادر، لە ژێر سێبەری پەیكەرەكە دانیشتووە، قسە بۆ محەمەد عومەر پەیامنێری 964 دەكات و دەڵێت، سوپاسی خەڵكی خورماڵ دەكەم، ئەمە ماندووبوونێكی گەورەیەو بۆ من بەهایەكی گەورەی هەیە.
پەیكەرەكە لەسەر ئەركی فریاد بامۆكی، دروستكراوە و پەكەر ساز عومەر جەمیل لە ساڵی 2023دورستكراوە.
شێخ قادر شێخ شەمسەدین هێڵانپێی، زیاتر لە 30 ساڵ ئەنجومەنی جەماوەری خورماڵ بوو، ئێستا باری تەندروستی باش نییە و لە ماڵەوەیە، پێنج كوڕ و سێ كچی هەیە.
پێداچوونەوە: كوردستان ئەحمەد