نیان عەبدوڵا ٢٠٢٣ دەکاتە ساڵی خۆی

بە گۆرانیەک سوپاسی هاوسەرەکەی دەکات

+964

پەرستۆ ساڵح – هونەری

خانمە هونەرمەند نیان عەبدوڵا، پاش تێپەڕاندنی نەخۆشی شێرپەنجە بە کلیپی “سوپاس” سوپاسی هاوسەرەکەی دەکات، ساڵی نوێش دەکاتە ساڵی خۆی.

وابڕیارە بۆ ساڵی ٢٠٢٣، هونەرمەند نیان عەبدوڵا، گۆرانیەکی نوێ بەناوی “سوپاس” بڵاوبکاتەوە کە لە هۆنراوەی هێمن مام نادرە، لە ستۆدیۆکانی تورکیا کاری تۆمارکردنی بۆ کراوە، بەڵام بەنیازە کاری کلیپەکەی لە کوردستان بۆ بکات، دەڵێ؛ کلیپەکە تەواو جیاوازە لە کارەکانی پێشووترم، مۆدێرنەو بە بەرزترین کوالێتی ئەنجامدراوە”.

نیان عەبدوڵا، ئەم کارەی تایبەت بە هاوسەرەکەی پێشکەش کردووە و لەم بارەیەوە تایبەت بە +964 وتی “ئاوازی گۆرانیەکە هی خۆمەو لە دڵی خۆم هەڵقوڵاوە بۆ هاوسەرەکەم، چونکە تەنها ئەو لە کاتی نەخۆشیەکەمدا لەگەڵم بوو، زیاتر لە هەموو کەسێک پشتی گرتم، چاوم ئەکردەوە بە ئازارەوە لەگەڵم دەگریا، لەگەڵ هەڵوەرینی قژم ئەویش قژی لابرد، هەنگاو هەنگاو هات تا چاک بوومەوە، کاتێک پێموت ئەمە بۆ تۆیە، ئەسکەندەری هاوسەرم ، دڵی پڕبوو”.

نیان عەبدوڵا، لەبارەی کلیپەکە ئەوە رووندەکاتەوە کە ئەسکەندەری هاوسەری حەز بە دەرکەوتن ناکات، بەڵام خۆی رۆڵ دەبینێت و پێیوایە “هیچ کەسێک ناتوانێت ئەوەی خۆی دەیەوێت بیگەیەنێت”.

نیان عەبدوڵا، لە ساڵی ١٩٩٦ دەستی بە کاری هونەری کردووەو ژیانی هاوسەرگیری پێکەوە ناوەو دایکی دوو کوڕە، خاوەنی چەندین گۆرانی و کلیپە، بەهۆی تووشبوونی بە شێرپەنجە بۆ ماوەیەکی زۆر لە کاری هونەری دابڕا.

ساڵی 2022، نیان عەبدوڵا بەشداری چەند کۆنسێرتێکی لە سلێمانی کرد، بەڵام ماوەیەکی زۆرە کاری تایبەت بە خۆی بڵاونەکردووەتەوە و دەڵێت “٢٠٢٣ دەکەمە ساڵی خۆم و بە نیازم چەند کارێکی دیکەی هونەری بڵاوبکەمەوە، گرفتی من لە کەم بڵاوکردنەوەی بەرهەم بۆ دوو هۆکار دەگەرێتەوە، یەکەمیان دەمەوێت کارێکی مێژووی بکەم نەک یەک هەفتەیی، دووەمیان نەبوونی سپۆنسەرە و تەنها تۆمارکردنی گۆرانیەک نزیکەی دوو هەزار دۆلاری تێدەچێت”.