لە دهۆک خەرجی هاتوچۆ بۆ قوتابیانی ئێزدی دابین دەکرێت
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
ئەو قوتابیانەی کە نیشتەجێی شنگالن و لە پۆلی 12ـی ئامادەیی دەخوێنن، بە درێژایی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ لە دهۆک خەرجی هاتوچۆیان بۆ دابین دەکرێت.
حکومەتی هەرێم ئەم بڕیارەی دەرکردووە قوتابییەکان هەموویان کوردی ئێزدین و ژمارەیان 745 کەسە.
نێچیرڤان شێخ شامۆ نەعمۆ، کەسایەتیی ئێزدی و ئاگادار له دۆسهی قوتابییەکان ئەمڕۆ پێنجشەممە بە 964ی راگەیاند، ئەو قوتابیانە بە هۆی رەوشی خراپی شنگال دەرفەتی خوێندن و ئەنجامدانی تاقیکردنەوەیان لە قەزاکە بۆ نەڕەخساوە، بۆیە حکومەتی هەرێم لە دهۆک هەموو ئاسانکارییەکی بۆ کردوون.
لە سنووری پارێزگای دهۆك 20 كەمپی ئاوارەكان هەیە هەزاران خێزانیان تێدا دەژی، ئاوارەكانی رۆژئاوای كوردستان و ئاوارە ئێزدیەكانی تێدایە.
ئاوارەکانی ناو کەمپ لە سنووری پارێزگای دهۆک 26 هەزار و 963 خێزانن، لە 15 کەمپدا دەژین، ئاوارەکانی دەرەوەی کەمپیش 38 هەزار و 225 خێزانن، کۆی گشتی دەبن بە 65 هەزار و 188 خێزان، تا ئێستا زیاتر لە %30 ئاوارەکان گەڕاونەتەوە شنگال و ئەوەی ماوەتەوە لە دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆدا دەژین.