تای خوێنبەربوون گەیشتە ئاکرێ و لیژنەی بۆ پێکهێنرا
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
لەدوای تۆمارکردنی یەکەمین حاڵەتی تای خوێنبەربوون لە سنووری قەزای ئاکرێ و گومانی تووشبوونی کەسێکی دیکە لە بەردەڕەش، ئەمڕۆ بەپەلە لیژنەیەک لە بارەی نەخۆشییەکە پێکهێنرا.
د.خدر ساڵح، بەڕێوەبەری تەندروستیی بەردەڕەش بە 964ی وت، لە کۆبوونەوەیەکی باڵای نێوان بەرپرسانی قەزاکە بڕیار لە پێکهێنانی لیژنەکە دراوە و چاودێری چڕی گۆشتفرۆشەکان و لەوەڕگەکان دەکات.
لیژنەکە هۆشیاری بڵاودەکاتەوە و سەردانی لەوەڕگەکان و سەربڕخانەکان دەکات و رێنمایی تەندروستییان پێدەدات.
لە ئێستادا لە سنووری قەزای ئاکرێ حاڵەتێکی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون تۆمارکراوە کە دانیشتوویەکی ناحیەی دینارتەیە و ئەنجامی پشکنینەکەی پۆزەتیڤ دەرچووە.
لە بەردەڕەشیش، کەسێک کە خەڵکی ناحیەی دارەتووە، گومانی تووشبوونی لێدەکرێت، پشکنینی بۆ کراوە و چاوەڕێی ئەنجامەکەی دەکرێت.
پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر