ساڵانە 600 ملیۆن دۆلار دەبەنە دەرەوە

لە عێراق ژمارەی کرێکارانی بیانی یەک ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

بەپێی ئامارێکی وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی، ژمارەی کرێکارانی بیانی لە عێراق یەک ملیۆن کرێکاری تێپەڕاندووە و لەو ژمارەیە تەنیا 71 ھەزاریان مۆڵەتی رەسمیان ھەیە.

ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی عێراق، رۆژی دووشەممە بە میدیا عێراقییەکانی وتوە، ژمارەیەکی زۆری کرێکارانی بیانی بە نایاسایی کاردەکەن و مەترسیان لەسەر بازاڕی کاری عێراق دروستکردووە.

“وەزارەتەکەمان لیژنەی پشکنینی هاوبەش دەنێرێت بۆ سەرجەم ئەو کۆمپانیایانە کە لە عێراق کاردەکەن بۆ گەڕان بەدوای کرێکاری نایاساییدا و بۆ گرتنەبەری رێکاری پێویست بەرامبەریان”، ئەسەدی وای وت.

بە وتەی مەزھەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق کە قسەی بۆ میدیا ناوخۆییەکان کردووە، کرێکارانی بیانی کە بەشێوەی رەسمی تۆمارکراون، ساڵانە 600 ملیۆن دۆلار دەبەنە دەرەوەی عێراق.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ “ئەلعەرەبی جەدید”،نەجم عقابی، وتەبێژی وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی عێراق رایگەیاند، ئەو کرێکارە بیانییانەی کە مۆڵەتپێدراو نین بە سیفەتی کارکردن نەھاتوونەتە عێراقەوە، بەڵکو بە ڤیزای گەشتکردن ھاتوون. ژمارەی ئەو کرێکارانەشی مۆڵەتی رەسمییان ھەیە، 71 ھەزار و 146 کەسە.