حکومەتی فیدڕاڵ بەرپرسە لە راگرتنی هێرشەکان

مه‌سرور بارزانی: ئێمە رێگرنین له‌به‌رده‌م هه‌نارده‌كردنی نه‌وت

فەرهاد حەسەن

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، به‌شێك له‌و گروپانه‌ی كه‌ هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان موچه‌ له‌ حكومه‌تی فیدڕاڵی وه‌رده‌گرن و سوپاسی هاوپه‌یمانانیش ده‌كات كه‌ به‌ سیستمی به‌رگری هه‌رێمی كوردستان ده‌پارێزن، ده‌شڵێت، “ئێمه‌ رێگرنین له‌به‌رده‌م هه‌نارده‌كردنی نه‌وت”.

سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگه‌یاند، “هەرچەندە ئێستا ناوچەکەمان بە شەڕێکدا تێدەپەڕێت کە ئەم شەڕە نە ئێمە دەستمان پێکردوە، نە دەتوانین بیشی وەستێنین، بەڵام هەموو هەوڵێک دەدەین کە کوردستانمان پارێزراوبێت و خەڵکی ئێمە پارێزراوبێت”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، “ئەم شەڕەی کە ئێستا هەیە بێگومان کاریگەری راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی لەسەر خەڵکی هەرێمی کوردستانیش هەبووە، ئێمە بەشێک نەبوین لەم شەڕە و دەمانەوێت کوردستانمان پارێزراوبێت، هەرچەندە هەندێک جار بەداخەوە پەلاماری کوردستان دراوە بە درۆن و بە موشەک، کە هیچ پاساوێک هەڵناگرێت و هەرێمی کوردستان نە مەترسییە بۆ سەر کەسێک، نە بەشێکە لە هیچ پلانێک و مەترسییەک بۆ هیچ لایەنێک”.

داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتایبەتی لە حکومەتی فیدڕاڵی کرد کە “رێگری بکەن لەو کەسانەی پەلاماری هەرێمی کوردستان دەدەن، حکومەتی فیدراڵی بەرپرسە بە راگرتنی ئەمانە، بە سنوردانان بۆ ئەمانە، چونکە بەشێک لەمانە موچەخۆری حکومەتی فیدراڵین لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە پڕچەک و پارەدار کراون”.

له‌باره‌ی هه‌واڵه‌كان بۆ رێگریكردنی هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌نارده‌ی نه‌وت له‌ رێگه‌ی بۆری كوردستانه‌وه‌، سه‌رۆكی حكومه‌ت روونیكرده‌وه‌، “ئێمە وەکو هەرێم زیاتر لە هەمو کەسێک پەرۆشی وەزعی ئابوریی عێراق و هەرێمی کوردستانین، پەرۆشی بابەتی موچە و دابینکردنی بژێویی ژیانی خەڵکی کوردستانین، هیچ کەسێک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر خەمخۆری ئەم بابەتە نەبوە و نییە”.