ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم: ئاستی ئاوی ژێر زەوی هەولێر 400 مەتر دابەزیوە

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

لە ماوەی 37 ساڵی رابردوودا، ئاستی ئاوی ژێر زەوی لە هەولێر 400 مەتر دابەزیوە، ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمیش دەڵێت، دەتواندرێت‌ بە دروستكردنی پۆند و بەنداوی بچووك، ئاستی ئاوی ژێر زەوی بەرزبكەینەوە.

لەئێستادا بە 1240 بیر و ئاوی ئیفرازی یەک و دوو و سێ، 26 هەزار مەتر سێجا ئاو بۆ هەولێر دابین دەكرێت، پلان وایە کە لەبری ئەو بیرانەی کە وشکیش بوون، بیری نوێ لێبدرێن.

ئەمڕۆ یەکشەممە، ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم لە فەیسبووک رایگەیاند، “بیری تازە لێدەدرێن و تۆڕەكانی ئاویش كە كۆن بوون، نوێدەكرێنەوە، سەرباری چارەسەرە ستراتیژییەكان لە گۆڕینی سەرچاوە لاواز و كاتییەكان، بۆ دروستكردنی وێستگەی پاڵاوتنی ئاو”.

بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم دەشڵێت، لە ساڵی 1986ـەوە تا ئێستا، 400 مەتر ئاستی ئاوی ژێر زەوی لە هەولێر دابەزیوە.

“دەتواندرێت‌ بە دروستكردنی پۆند و بەنداوی بچووك، ئاستی ئاوی ژێر زەوی بەرزبكەینەوە”، ئاری ئەحمەد وای وت.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، لە سنووری هەولێر 28 پۆند و بەنداوی بچووك دروستكراون و 22ـی دیكەش كاریان لەسەر دەكرێت.