سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ ئیڤانکای کچی
رۆژنامەیەکی ئەمریکی:
عێراقییەک پلانی هەبوو کچەکەی ترەمپ بکوژێت
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
رۆژنامەی نیویۆرک پۆستی ئەمریکی بڵاویکردەوە، پلانێک بۆ تیرۆرکردنی ئیڤانکای کچی دۆناڵدۆ ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا هەبوو.
رۆژنامەکە بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەک، کە ناوی نەهێناون، دەڵێت، فەرماندە لە حزبوڵای عێراقی محەمەد باقر ئەلسعەدی لە پشت پلانی تیرۆرکردنی ئیڤانکا بووە و نامەی هەڕەشەکردنی لە کچەکەی ترەمپ بە زمانی عەرەبی بڵاوکردووەتەوە.
هەروەها دەڵێت، ئەلسەعدی پاسپۆرتی خزمەتگواری عێراقی پێبووە و پەیوەندی راستەوخۆی لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێرانی هەیە.
رۆژنامەکە دەڵێت، محەمەد باقر دەیویست لە تۆڵەی کوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس، کە لە لایەن ئەمریکاوە کوژران، کچەکەی ترەمپ بکوژێت.
باسی ئەوەش دەکات، ئەلسەعدی، کە تەمەنی 32 ساڵە و بەمدواییە دەستگیر کرا، بەڵێنیدابوو ئیڤانکا بکوژێت و پلانیشی بۆ دانابوو، بە جۆرێک پلانەکەشی خستبووەڕوو.
“ئەلسەعدی وێنەی ئەو نەخشەیەی لە تۆڕی ئێکس پۆست کردبوو، کە ناوچەیەکی داخراوی فلۆریدا پێشان دەدات و ماڵێکی ئیڤانکا و جارید کۆشنەری هاوسەری لەوێیە و بایی 24 ملیۆن دۆلارە، نووسیبووشی (بە ئەمریکییەکان دەڵێم سەیری ئەم وێنەیە بکەن و بزانن کە نە کۆشک و نە خزمەتگوزاری نهێنی ناتانپارێزێت، پێم وتن تۆڵەکردنەوەی ئێمە تەنیا مەسەلەی کاتە)”، رۆژنامەی نیویۆرک پۆست بەم شێوەیە باسی وردەکاری هەڕەشەی کردووە.
محەمەد باقر ئەلسعەدی، فەرماندە لە حزبوڵای عێراقی چەند رۆژێک لەمەوبەر لە وڵاتێکی دەوروبەری عێراق، کە دەوترێت تورکیایە، دەستگیر کرا و رادەستی ئەمریکا کرا، ئێستاش لە زیندانی تاکەکەسییە لە زیندانی فیدڕالی لە برۆکلین، کە کەسانی دیکەی ناوداریش لە زیندانەکەدان، لەوانە مادۆرۆی سەرۆکی ڤەنزوێللا و لویجی مانجیۆنی، تۆمەتبار بە کوشتنی برایان تۆمسۆن، سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای یونایتد بۆ خزمەتگوزاری تەندرستی.