بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی عێراق دەگاتە نزیکەی چوار ملیۆن تۆن

964+

فەهمی نەبی

وەزارەتی بازرگانیی حکومەتی عێراق رایگەیاندووە، بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ دەگاتە نزیکەی چوار ملیۆن تۆن، بەمەش پێداویستی بۆ بەشە ئاردی مانگانە دابین دەکرێت.

بەپێی ئەو راگەیەندراوەی وەزارەتی بازرگانی بێت، ئێستا بەرهەمی گەنم سێ ملیۆن و 350 هەزار تۆن دەبێت، بەڵام پێشبینی دەکرێت ئەو رێژەیە بەرز ببێتەوە بۆ چوار ملیۆن تۆن، بەمەش عێراق ئەمساڵ دەگاتە ئاستی خۆبژێوی و دەتوانێت بەشە ئاردی مانگانەی هاوڵاتیان لەو گەنمە دابین بکەن.

ئەمساڵ بەرهەمی گەنم بە رێژەی %30ی زیاتر بووە، بەراورد بە بەرهەمی ساڵی رابردوو، ئەمەش بە گوێرەی بەرپرسانی وەزارەتی بازرگانیی حکومەتی عێراق کە لەمەوبەر رایانگەیاندبوو.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی بازرگانی حکومەتی عێراق، بۆ رۆژنامەی سەباح، کە زمانحاڵی حکومەتی عێراقە ئەوەی راگەیاندووە.

هاوکات ئەوەش هاتووە، چاوەڕێ دەکرێت لە پارێزگای کەرکوک 450 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەربگیرێت، لە کاتێکدا ئێستا لەو پارێزگایە 260 هەزار تۆن وەرگیراوە.

سەرەتای هەفتەی رابردوو، ئەسیر داود غرێری، وەزیری بازرگانیی عێراق رایگەیاندبوو، تا ئەو کاتە عێراق یەک ملیۆن و 900 تۆن گەنمی لە سایلۆکان وەرگرتووە و ئەمساڵ عێراق گەیشتووەتە قۆناغی خۆبژێوی.

ئەمساڵ بۆ وەرگرتنی هەر تۆنێک گەنم، حکومەتی عێراق 850 هەزار دیناری دیاریکردووە.