"لەکاتی خواردن وەرگرتن لەهۆش خۆی چووە"

کرێکارێک لەسەر شەقامی 100 مەتری هەولێر گیانی لەدەستدا

عەبدولعەزیز خالند – هەولێر

لەسەر شەقامی 100 مەتری هەولێر کرێکارێک لەکاتی خواردن وەرگرتن لەهۆش خۆی چوو و گیانی لەدەستدا.

رووداوەکە لە نێوان شەقامی بەحرکە و قەزای عەنکاوە بووە کە رۆژانە ژمارەیەک کرێکار بۆ کار و پەیداکردنی پاروە نانێکی حەڵال لەوێ دەوەستن، عەبدولقادر زەمان هاوڕێ و هاوپیشەی ئەو کرێکارە بە 964ـی وت، “ئۆتۆمبێلێک هاتووە بۆ ئەوەی نان و خواردنیان پێ بدات، لە سەرەی وەرگرتنی خواردنەکە لەهۆش خۆی چووە و کەوتووە، هەرچی هەوڵیان داوە، نەیانتوانیوە هیچی بۆ بکەن و گیانی لەدەستداوە”.

کیفاح حەسەن وتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە 964ـی وت، کرێکارەکە خەڵکی شەنگالە و بەقسەی کەسوکاری نەخۆشی هەبووە، دوای گیانلەدەستدانی تەرمەکەی گواستراوەتەوە بۆ پزیشکی دادی هەولێر و دوای توێکاری رادەستی کەسوکاری دەکرێتەوە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری