حکومەت: بەرمیلێک نەوتی سپی ٢٨٤ هەزار دینار لەسەر خۆمان دەکەوێت

964+

هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی

لە هەرێمی کوردستان تائێستا زیاتر لە ٣١ ملیۆن لیتر نەوتی سپی دابەشکراوە و حکومەتی هەرێم دەڵێت بۆ هەر بەرمیلێک ٢٨٤ هەزار دینار لەسەر خۆیان دەکەوێت.

لە کۆی ملیۆنێک و ٢٥٧ ھەزار خێزان تەنھا ١٥٦ ھەزار و ٥٣٩ خێزان لێی سوودمەند بوون، بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ماڵپەڕی خۆی بڵاویکردەوە، تا ئێستا بڕی ٣١,٩٠٣،١٦٤ لیتر نەوتی سپی لە کۆمپانیاکانی راسپێردراو وەرگیراوە و لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە ١٢ ملیۆن و ٢١٣ ھەزار و ٨٠٠  لیتر بەسەر ٦١ ھەزار و ٦٩ خێزان دابەش کراوە.

لە سنووری پارێزگای دھۆکیش ١٠ ملیۆن و ٦٣٩ ھەزار و ٦٠٠ لیتر دابەش کراوە و ٥٣ ھەزار و ١٩٨ خێزان سوود مەند بوون.

لە سنووری پارێزگای ھەولێریش ھەشت ملیۆن و ٤٥٤ ھەزار و ٤٠٠ لیتر دابەش کراوە و ٤٢ ھەزار و ٢٧٢ خێزان سوودمەند بوون.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری دەشڵێت، دابەشکردنی نەوتی سپی بەردەوام دەبێت و “حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی ٧٠ ملیار دیناری بۆ کڕینی نەوتی سپی تەرخان کردووە و بە شێوەی تەندەر ٣٢٠ هەزار بەرمیل بە نرخی ٢٨٤ هەزار دینار بۆ هەر بەرمیلێک دابین کردووە.”

بەپێی داتاکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، پاڵپشتیی حکومەت بۆ هەر بەرمیلێک دەگاتە ٦٥% و هاوڵاتیان تەنیا لە ٣٥% نرخەکەی دەدەن کە نزیکەی ١٠٠ هەزار دینار دەکات.