هەر دوکاندارێک نەیهێشت ئۆتۆمبێلەکەت رابگریت سزا دەدرێت

964+
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

بەرپرسی لادانی زیادەڕۆیی لە شارەوانیی سلێمانی دەڵێت هەر دوکاندارێک بە هۆی قۆرخکاری شەقامی بەردەم دوکانەکەی رێگری کرد لە راگرتنی ئۆتۆمبێڵەکانتان پەیوەندیمان پێوە بکەن.

ماوەیەکە دیاردەی قۆرخکردنی شەقامەکان لە لایەن هەندێک لە دوکانداران ناڕەزایی لای هاوڵاتیان دروست کردووە، بە جۆرێکە رێگە نادەن هاوڵاتی ئۆتۆمبێل لە شەقامی بەردەم دوکانەکەکان بوەستێنن.

بەرپرسی زیادەڕۆیی شارەوانی سلێمانی دەڵێت، “هەر دوکاندارێک ئەو کارە بکات سزای دەدەین”.

عوسمان عارف بەرپرسی لادانی زیادەڕۆی بە 964ی راگەیاند، هاوڵاتیان دەتوانن هەر حاڵەتێکی قۆرخکاریان بینی لە رێگەی پۆرتاڵی خزمەتەوە پەیوەندیمان پێوە بکەن، بە زووترین کات لێپێچینەوە لە خاوەن دوکانەکە دەکەین”.

بە گوێرەی بڕیاری شارەوانی هەر دوکاندارێک شەقامی بەردەم دوکانەکەی قۆرخ بکات، بۆ یەکەمجار 150 هەزار دینار و لە ئەگەری دووبارە بوونەوەی، دەبێتە دوو هێندە و هەنگاوی سێیەمیش دوکانەکەی پێدادەخرێت.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی