ئاگرەکە لە دەڕاسە دەستیپێکرد

 لە کاتی دەروێنە 75دۆنم زەوی جوتیارێکی کەرکوک سووتا


کاروان ساڵحی-کەرکوک

بەهۆی کەوتنەوەی ئاگر لەناو رووبەرێکی زۆری گەنمی چێندراو، 75دۆنمی جوتیارێکی کەرکوک سووتا و هۆکاری ئاگرەکەش لەو دەڕاسەیە سەریهەڵداوە کە دروێنەی گەنمەکەی پێدەکرا.

رووداوەکە، ئێوارەی دوێنی لە گوندی باوەی سەر بە ناحیەی لەیلان لەکاتی دەروێنەکردنی گەنمەکە روویداوە.

شەماڵ شێخ حوسامەدین تاڵەبانی، خاوەن زەویەکە بە 964ـی وت، لەکاتی دەروێنەکردن ئاگرێک لە دەڕاسەکە دروست بوو و وتیشی “خۆشبەختانە بەرێوەبەری بنکەی پۆلیسی لەیلان و هاوڵاتیان فریامان کەوتن توانیمان کۆنتڕۆڵی بکەین بەڵام 75 دۆنم لە بەرهەمی ئەمساڵم سووتا”.

بەقسەی ئەو جوتیارە، هەر دۆنمێک نزیکەی 640 کیلۆگەنم بەرهەمەکەیەتی، گلەییش لە حکومەتی عێراقی دەکات کە نایەوێت بەرهەمەکانیان لێ وەربگیرێت.

پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن