هێشتا لە پەرلەمان دەنگی پێ نەدراوە

فەرمانبەران.. بەچەند مانگ پاشەکەوتەکەیان وەردەگرنەوە

964+

فەرمان سادق

بۆ رۆژی چوارەم پەرلەمانی عێراق بەردەوامە لەسەر دەنگدان بە پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق و بەهۆی ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسییەکان دەنگدان بەو بڕگەیەی پاشەوکەوتی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم کوردستان لە مادەی 14، دواخراوە.

دوقی ئەو بڕگەیەی پێشنیازی فراکسیۆنەکانی پارتی، یەکێتی، یەکگرتوو، کۆمەڵی دادگەرییە ئەمەیە کە “حکومەتی عێراق پابەند دەبێت بە هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تەرخانکردنی بڕە پارەی پێویست بۆ گێڕانەوەی  12%ـی پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە کۆی گشتی موچە کە لە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ساڵانی رابردوو بڕدراوە”.

تا ئێستا پەرلەمانی عێراق سەروو 63 مادەی لە پڕۆژە یاسای بودجە پەسند کردووە، رەنگە ئەمشەو یان سبەی شەو دەنگدان بە بودجە کۆتایی بێت.

یەکەم موچەی فەرمانبەران کە بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران پاشەکەوت کرا، موچەی مانگی ئەیلولی 2015 بوو.

پاشەکەوتی موچە و بڕینی موچە، لە 2015ـەوە تاوەکو 2021 بەردەوام بوو جگە لە ساڵی 2019 نەبێت، لەم شەش ساڵەدا فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان 43 موچەی بە لێبڕینەوە وەرگرتووە و 12 موچەشی بە تەواوەتی لێ پاشەکەوت کراوە.

ئەوەی تاوەکو ئێستا لە پێشنیازی بڕگەکە روون نەکراوەتەوە ئەوەیە کە رێژەی 12% لە موچەی هەر مانگێک دەدرێتەوە یان کۆی ئەو 55 موچەیەی فەرمانبەران کۆ دەکرێتەوە و مانگانە 12%ـی دەدرێتەوە.

ئەگەر رێژەی 12%ـی  موچەی مانگێک، مانگانە بدرێتەوە، ئەوا هەر فەرمانبەرێک موچەی مانگێکی پاشەکەوت کراوەی بە هەشت مانگ وەردەگرێتەوە، کەواتە 12 موچە تەواو پاشەکەوت کراوەکەی بە 99 مانگ و شەش رۆژ وەردەگرێتەوە کە دەکاتە 8 ساڵ و چوار مانگ.

ئەمە جگە لە 43 موچەکەی بە لێبڕینەوە بە فەرمانبەران دراوە، بەهۆی جیاوازی لێبڕینەوەکەوە روون نییە ئەو لێبڕینە چۆن دەدرێتەوە.

دارا سێکانیانی، پەرلەمانتاری عێراقی بە 964ـی وت، تاوەک ئێستا 63 مادە لە کۆی 67 مادەی بودجە پەسندکراوە، لەم بەینەشدا چەند مادەیەک هەیە مشتومڕی لەسەرە و هێشتا یەکلایی نەکراونەتەوە و بۆ کۆتایی هەڵگیراون.

زیاتر وتیشی “بڕگەی پەیوەندی بە پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەران، هەڵگیراوە و لەگەڵ ئەو بڕگە و مادانەی تر دەخرێنەڕوو کە ناکۆکیان لەسەر هەیە، رەنگە ببێتە مادەیەکی سەربەخۆ، بۆیە هێشتا دیار نییە چۆن مادەکە دادەڕێژرێتەوە و دەنگی پیدەدرێت”.

بە قسەی ئەو پەرلەمانتارە بێت، دەبوو ئەمشەو تەواوی بودجە دەنگی لەسەر بدرایە، بەڵام “لەوە ناچیت ئەمشەویش تەواو ببین”.

بڕیارە کەمێکی تر، دانیشتنی پەرلەمان دەستپێ بکاتەوە و مادەکانی 64 و 65 و 66 و 67 دەنگیان لەسەر بدرێت، ئینجا دواتر گفتوگۆ لەسەر ئەو مادە و بڕگانە بکرێت کە ناکۆکی نێوان لایەن سیاسییەکانی لەسەر هەیە.