باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق
شەش مادە پەسەندکران
لە پەرلەمانی عێراق چی روویدا؟
ژووری هەواڵ
شەوی رابردوو، پەرلەمانی عێراق بە مەبەستی پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجەی سێ ساڵی داهاتووی وڵاتەکە کۆبووەوە، شەش مادەی ناو پرۆژەکە پەسەندکران و کۆبوونەوەکە دواخرا بۆ کاتژمێر 1ی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی.
لە کۆبوونەوەکەدا، دەنگ بە مادەکانی یەکەم، سێیەم، پێنجەم، شەشەم، حەوتەم و هەشتەم درا و مادەی دووەم هەڵگیرا چونکە کێشەی ناڕوونی زمانەوانی تیادابوو، هەروەها مادەی چوارەم لادرا کە تایبەت بوو بە دەسەڵاتێکی ئەنجومەنی وەزیران.
مادەی یەکەمی پڕۆژەیاساکە کە تایبەتە بە نرخی دۆلار و نەوت و پەسەندکرا، تیایدا نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی بە 70 دۆلار و نرخی 100 دۆلاری بە 130 هەزار دینار جێگیرکرد.
مادەکانی دیکە
مادەى دوو: دواخرا کە تایبەت بوو بە خەرجییەکان
مادەى سێ: تایبەتە بە پاڵپشیى دارایی کەرتى کشتوکاڵ و پیشەسازى و دەسەڵاتى وەزیرى دارایی بۆ ئەو کارە و پەسەندکرا.
مادەى چوار: لادرا کە تایبەتە بە دەسەڵاتى ئەنجوومەنى وەزیران بۆ گواستنەوە لە پارەى تەرخانکراو لە قەرزەکان و گۆڕینى ئەو لایەنەى کە سوودمەند دەبێت لە قەرزەکان.
مادەى پێنج: تایبەتە بە دەسەڵاتى راستەوخۆى خەرجکردنى و رێگرى لە تێپەڕاندنى بڕى تەرخانکراو و پەسەندکرا.
مادەى شەش: تایبەتە بە دەسەڵاتى گواستنەوەى بودجە و پەسەندکرا.
مادەى حەوت: تایبەتە بە دەسەڵاتى بەکارهێنانى یەدەگى بارى لەناکاو و پەسەندکرا.
مادەى هەشت: تایبەتە بە سنووردارکردنى داهات بۆ یەک ساڵ و تاوەکو کۆتایی 2023، پەسەندکرا.
لە پرۆژەکەدا، بودجەی سێ ساڵی داهاتوو بە بڕی نزیکەی 200 ترلیۆن دینار دیاریکراوە. ئەوە گەورەترین بودجەیە لە مێژووی عێراقدا کە نێردرابێتە پەرلەمان.