له‌ پێنجوێن پشكنینى ته‌ندروستى بۆ قوتابیه‌ نوێیه‌كان ئه‌نجام ده‌درێت

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

له‌ قه‌زاى پێنجوێن، پشكینین بۆ ئه‌و قوتابیانه‌ ئه‌نجام ده‌درێت كه‌ ساڵى یه‌كه‌میانه‌ ده‌چنه‌ به‌ر خوێندن، هاوكات پشكنینه‌كه‌ ئه‌و منداڵانه‌ش ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ ده‌چنه‌ باخچه‌ى ساوایان.

بەشی چاودێری تەندروستی لیژنەی پشکنینی قوتابخانەکان، لە نەخۆشخانەی گشتی شەهیدان له‌ پێنجوێن، رێنمایی نوێ بۆ قوتابیان و قوتابخانەکان و باخچەی ساوایانى سنووره‌كه‌ی ده‌نێرێت، بە مەبەستی پشکنین بۆ وەرگرتنی قوتابیانی نوێ  و باخچەی ساوایان بۆ ساڵی خوێندنی 2023 – 2024.

به‌پێی ئه‌و نووسراوه‌ فه‌رمییه‌ى كه‌ نه‌خۆشخانه‌ى پێنجوێن ناوه‌نده‌كانى خوێندنى ناردووه‌، ئاگاداریان ده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌پێی ئه‌و خشته‌یه‌ى ناردوویانه‌ قوتابیه‌كانیان بنێرن و ده‌شڵێت “له‌ رۆژى 20.6.2023 پشكنینه‌كانیان ده‌ستپێده‌كات”.

ژماره‌ى ئه‌و قوتابخانه‌ و باخچه‌ ساویانه‌ى كه‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌ نو‌وسراوى ئاڕاسته‌ كردوون بریتین له‌ 15 قوتابخانه ‌و باخچه‌ى ساوایان.

پێشتر ته‌واوى قوتابخانه‌كانى سنوورى پێنجوێن ئاگادارییه‌كیان بۆ دایکان و باوکان بڵاوكردبووه‌وه‌، كه‌ له‌ رۆژی 4.6.2023 تاكو رێکەوتی1.8.2023 دەست دەکرێت بە تۆمارکردنی قوتابیانی پۆلی یەکەمی بنەڕەتی بۆ ساڵی خوێندنی 2023 – 2024 .