'ئەوەی تەسەوری ناکەی لەناو سیرواندایە"
تێکچوونی رێڕەوی سیروان گەڕانی بەدوای تەرمدا سەخت کردووە
میلاد جەلال – گەرمیان
ئەمڕۆ کۆتا گەڕان بۆ تەرمی ئەحمەد لوقمانی تەمەن 26 ساڵ لە رووباری سیروان لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانی و خۆبەخشانەوە ئەنجامدرا و مەلەوانێکی خۆبەخشیش دەڵێت، تێکچوونی رێڕەوی سیروان گەڕانی بەدوای تەرمدا سەخت کردووە.
عەلی حەیدەر، مەلەوانێکی خۆبەخشە بە 964ـى وت، “بەھۆی لافاوی چەند ساڵی رابردوو و گۆڕینی رێڕەوی رووباری سیروان و کارکردنی غەسالەکانی چەو و لم، سروشتی رووباری سیروان بەتەواوی تێکچووە و دۆزینەوەی تەرم لە رووبارەکە قورس بووە”.
“ئەو جێگایانەی رووبارەکە کە کومپانیاکان نزیکن لێیەوە و پاشماوەکانیان فرێدەدەنە رووبارەکە، گەڕان بۆ تەرم زۆر قورس و مەترسیدارە بۆ تیمەکانیش”،عەلی حەیدەر وای وت.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوەی تەسەوری ناکەی لەناو رووباری سیروان ھەیە، لە شیش و چیمەنتۆ و چینکۆ و داری گەورە.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر