لەمەودوا دەتوانیت لەنێو نەخۆشخانەی لەدایکبوون منداڵەکەت بکوتیت

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

بۆ كەمكردنەوەی فشار لەسەر نووسینگەی تۆماركردنی لەدایكبوون و مردن، بەشێكی نوێ لە نەخۆشخانەی منداڵبوونی سلێمانی كرایەوە.

ئەم بەشە نوێیە، لە رێکەوتی 31.5.2023 دەستی بەكارەكانی كردووە و لەوێ ڤاكسینی سیل و ئیفلیجی دەدرێتە ئەو منداڵانەی لەناو نەخۆشخانەكە لەدایك دەبن، تەندروستی سلێمانی وا دەڵێت.

بەپێی رێنماییە پزیشکییەکان، لەدوای هەفتەیەک لەدایکبوون، منداڵ پێویستە ئەو جۆرە ڤاکسینانە وەربگرێت.

پێشتر دایک و باوکان دەبوایە منداڵە تازە لەدایکبووەکەیان ببەنە گەڕەکی چوارباخی سلێمانی و لە نووسینگەی تۆماركردنی لەدایكبوون و مردن، منداڵەکەیان بکوتن.

لە ناوەڕاستی مانگی رابردووەوە هەڵمەتی کوتانی منداڵان لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە و ئەمە هۆکارێکی باشە بۆ پاراستنی منداڵ لە نەخۆشییەکانی سورێژە، كۆكەڕەشە، دەردە كۆپان و ئیفلیجی.