سێیەم گەشتیارە لەم هەفتەیەدا

گەنجێکی بەغدا لە رووباری شینی ئامێدی خنکا


شڤان عەبدوڵا – دهۆک

گەنجێکی تەمەن 39 ساڵانی دانیشتووی شاری بەغدا کە بە مەبەستی گەشتوگوزار لەگەڵ کەسوکارەکەی سەردانی قەزای ئامێدی کردبوو، لە رووباری شینی ناوچەکە خنکا.

گەنجەکە ناوی مستەفا رەحیم قادرە و خێزاندارە، دوای ئەوەی لە ناو ئاوەکەدا خنکا، تەرمەکەی لەلایەن چەند گەنجێکی ناوچەکەوە دۆزرایەوە و گەیەنرایە نەخۆشخانەی هێتۆت، بەڵام بە وتەی مەسعود تاهیر، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی ئامێدی کە بۆ 964 قسەی کردووە، کاتێک گەیشتووەتە نەخۆشخانە، گەنجەکە گیانی لەدەستداوە.

وتیشی، ئەمە سێیەم حاڵەتی خنکانی گەشتیارانە لە ماوەی تەنیا یەک هەفتەدا کە لە رووباری شینی قەزای ئامێدی تۆمار کراوە، لە ئێستاشدا تەرمی گەنجەکە رەوانەی پزیشکی دادی ئامێدی کراوە بۆ ئەوەی دوای تەواوبوونی رێکارەکان رادەستی کەسوکاری بکرێتەوە.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر