سبەینێ

دوای چەندین ساڵ؛ 700 خێزانى ئاوارە دەگەڕێنەوە سەرێکانی و گوندەکانی

وریا فەتاح

بڕیارە رۆژی سێشەممەی داهاتوو، یەکەم کاروانی ئاوارەکانی سەرێکانی و گوندەکانی دەوروبەری، کە بەهۆی جەنگەوە روویان لە پارێزگای حەسەکە کردبوو، بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.

مستەفا عەبدی، ئەندامی پەرلەمانی سوریا و تیمی سەرۆکایەتی، بە بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی حەسەکەی راگەیاندووە، پرۆسەی گەڕانەوەکە کاتژمێر 6ـی بەیانی رۆژی سێشەممە دەستپێدەکات و تەواوی ئامادەکارییەکان بۆ ئەو مەبەستە کراون.

روونیشى کردووەتەوە، ئەم قۆناغەی گەڕانەوەکە نزیکەی 700 خێزان لەخۆدەگرێت، کە بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە دەگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان. پرۆسەکەش دوای ئەوە دێت ژینگەیەکی گونجاو بۆ گەڕانەوەیان رەخساوە.

مستەفا عەبدى جەختیشى کردووەتەوە کە بۆ ئاسانکاریی پرۆسەکە، ژمارەی پێویست لە پاس و بارهەڵگر دابینکراوە بۆ گواستنەوەی هاوڵاتیان و کەلوپەلەکانیان، هاوکات هاوکاری مرۆیی و خۆراکیش بەسەر ئەو خێزانانەدا دابەش کراوە کە دەگەڕێنەوە.

لە دوای دەستبەسەرداگرتنى شاری سەرێکانی لە ساڵی 2019، هەزاران هاوڵاتی رەسەنی ناوچەکە ئاوارە بوون کە بەشێکیان لە کەمپی “تەڵائیع” کە بە کەمپى “سەرێکانى” ناسراوە لە پارێزگای حەسەکە نیشتەجێن.