تا ئێستا لێی نەبردووەتەوە

ئه‌مجاره‌ یانه‌ی هەولێر ده‌یه‌وێت نەفتی بەسڕە بسووتێنێت

+964

هێژا خه‌سره‌و

‎لە یارییەکانی گەڕی 32ی خولی نایابی عێراقدا، یانەی هەولێر رووبه‌ڕووی یانه‌ی نه‌فتی بەسرە ده‌بێته‌وه‌ و ده‌یه‌وێت بردنه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ تۆمار بكات، به‌ڵام تا ئێستا نه‌یتوانیوه‌ له‌و تیپه‌ بباته‌وه‌.

یارییه‌كه‌ لە یاریگه‌ی فەیحا له‌ به‌سڕه‌ لە کاتژمێر 05:00 به‌ڕێوه‌ده‌چێت و یانه‌ی هه‌ولێر دوێنێ ئێواره‌ دوایه‌كه‌ی مه‌شقیی خۆی له‌وێدا ئه‌نجام دا.

‎هەولێر ورەی بەرزە، دوای ئه‌وه‌ی هەفتەی رابردوو لە یاریگه‌ی خۆیدا به‌ 2-0 گۆڵ له‌ یانه‌ی جه‌وییه‌ی برده‌وه‌، ئه‌مڕۆش به‌ بردنه‌وه‌ی له‌ نه‌فتی به‌سڕه‌، بۆی هه‌یه‌ چه‌ند هه‌نگاوێك له‌ ریزبه‌ندییه‌كه‌دا بچێته‌ پێشه‌وه‌.

ئیبراهیم قادر، بەرپرسی راگەیاندنی یانەی هەولێر لە لێدوانێکدا بۆ 964 وتی: تیپەکەمان تەواو ئامادەیە و هیچ پێکانێکی نوێی نییه‌ و زۆربه‌ی یاریزانه‌ سه‌ره‌كییه‌كان بۆ یارییه‌كه‌ ئاماده‌ن.

‎مێژووی رووبەڕووبوونەوە فەرمییەکانی هەردوو یانەش 15 یارییە و هەولێر هیچ یارییەکی نەبردووەتەوە و دەیەوێت بۆ یەکەمجار لە یانەکەی شاری بەسڕە بباتەوە، لە بەرامبەردا نەفتی بەسرە هەشت یاری بردووەتەوە و لە حەوت یاریشدا یەکسان بوون، هەولێر هەشت گۆڵی کردووە و نەفتی بەسڕەش 16 گۆڵی تۆمار کردووە.

‎یاریی یەکەمی ئەم وەرزەشیان لە یاریگه‌ی فڕانسۆ هەریری به‌ 1-1 گۆل كۆتایی هات.

‎دوای تێپەڕبوونی 31 گەڕی خولەکە، یانەی هەولێر بە کۆکردنەوەی 42 خاڵ لە پلەی 11ی ریزبەندییە و نەفتی بەسڕەش 37 خاڵی هەیە و لە پلەی 14ی ریزبەندییە.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا