زیاتر لە 40 نوسینگەی گەشتیاری مۆڵەتەکەیان هەڵوەشاندووەتەوە

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

زیاتر لە 40 نوسینگەی گەشتیاری لە شاری سلێمانی مۆڵەتەکانیان هەڵوەشاندووەتەوە. سەرۆکی کۆمەڵەکەیان دەڵێت، هۆکارەکەی بازاڕکەمی و قورسی باجە.

لە ئێستادا 190 نوسینگە و کۆمپانیای گەشتیاری لە شاری سلێمانی و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین بوونیان هەیە، بەڵام دوو ساڵ بەرلەئێستا ژمارەکەیان زیاتر لە 235 دانە بوون.

“جوڵانەوەی بازاڕی گەشتیاری دوای ڤایرۆسی کۆرۆنا زۆری پێچوو بۆیە بەردەوام نووسینگە و کۆمپانیاکان مۆڵەتەکانیان هەڵدەوەشاندەوە”، ئەمە وتەی عەتا ئەحمەد، سەرۆکی کۆمەڵەی نوسینگە و کۆمپانیا گەشتیارییەکانی سلێمانییە بۆ 964.

زۆری باج لەسەر ئەو نوسینگە و کۆمپانیایانە بە هۆکارێکی تری هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتەکان دەزانێت.