"تەندروستیم باشە و هیوادارم لە داهاتوودا گۆرانی بخوێنم"
مەزهەری خالقی لە هونەری کوردی رازییە
رازاو محەمەد – سلێمانی
هونەرمەندی ناسراوی کورد، مەزهەر خالقی، لتەندروستی باشە و هیوادارە بتوانێت لە داهاتووشدا بەردەوام بێت لە خزمەتکردنی هونەری کوردی.
خالقی قسەی بۆ 964 کرد و باسی لەوە کرد، نزیکەی 25 ساڵە هەوڵ دەدات گۆرانیی کوردی بپارێزێت و بۆ هەمیشە بمێنێتەوە و دەشڵێت، میللەتی كورد خاوەنی زیاتر لە ملیۆنێک گۆرانییە.
دڵخۆشە بەوەی گەنجانی کورد ئەمڕۆ رەسەنایەتیی گۆرانیی کوردیان پاراستووە و بە گەشەپێدانی هونەری کوردی خزمەت دەکەن و ناهێڵن هونەری کوردی لەناوبچێت.
“ئێمە میلەتێکی زیندووین، هیچ گەلێک بەقەدەر گەلی کورد گۆرانی نییە، چونکە گۆرانی مانای شادییە” مەزهەری خالقی وای وت.
ئاماژەی بەوەشدا، بیری گۆرانی وتن دەكات و زۆرجار گۆرانی دەنووسێت و دەیخوێنێت، بەڵام دان بەوەدا دەنێت کە دەنگی وەک جاران نەماوە، لەگەڵ ئەوەشدا هیوادارە لە داهاتوودا گۆرانیی نوێی هەبێت و ئەوەش ناشارێتەوە، کە زۆر رازییە لە بارودۆخی هونەری ئێستا، چونکە گەنجەکان بە دڵی میللەت گۆرانی دەڵێن، و باوەڕی وایە رۆژێک دێت گۆرانیی کوردی ببێتە سەرمایەی مەعنەوی گەلی کورد.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر