جووتسایدێكی کەمەربەند له‌ خەلیفان دروستده‌كرێت

964+

ئاکام غەفور – خەلیفان

پڕۆژەی دروستکردنی جووتسایدی کەمەربەندی خەلیفان، دەستیپێکردووه‌، لە سێڕیانی دۆڵی ئالانە دەستپێدەکات و له‌ رێگای بناری چیاى کۆڕەک، كۆتایی پێدێت.

رێگاکە بەناو مەعمەل قیر و چەمی خەلیفان تێدەپەڕێت، درێژییه‌كه‌ى 10 کیلۆمەترە، نزیکه‌ی 30 خانوی هاوڵاتیان ده‌كه‌ونه‌ به‌ر ئه‌و رێگایە، لەناویاندا 10 خانوویان بە تەواوی بەر رێگاکە ده‌كه‌ون.

تاریق ئیبراهیم سەرۆکی شارەوانی خەلیفان بە 964ـى وت، پڕۆژەکە تەواوکەری رێگای سپیلک – خەلیفانە کە ئەو بەشەیان دەکەوێتە خەلیفان بە جووتسایدی دێتەوە سەر رێگای کەمەربەندی خەلیفان تا نزیکی رێگای بناری چیاى کۆڕەک، ئەو بەشەی کە دەمێنێت تاکو زارگەلی لە پلاندایە ئەوەش بکرێت بە جووتساید.

وتیشی “کۆمەڵێك خانووى هاوڵاتیان دەکەونە بەر رێگاکە، به‌ڵام بەپێی رووبەر و کوالیتی خانووەکە قەرەبوودەکرێنەوە”.

پڕۆژەی جووتسایدی خەلیفان – سپیلک لە مانگی ئه‌یلوولى ساڵی رابردوو دەست بە کارەکانی کراوه‌، ماوەی تەواوکردنی پڕۆژەکە 600 رۆژە و بودجه‌ى 64 ملیار دیناریشی بۆ تەرخانکراوە.

ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ رێگاى سەرەکی پارێزگای هەولێر به‌ دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران ده‌به‌ستێته‌وه‌.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن