دواى دەستبەسەرداگرتنى کەشتییەکى ئێرانى

وتەبێژی بارەگای”خاتەمولئەنبیا”: ئەمریکا دزى دەریایە

964+

وریا فەتاح

دوێنێ یەکشەممە، هێزەکانى مارێنزى ئەمریکى لە کۆپتەرەوە دابەزینە سەر کەشتییەکى ئێرانى و دەستیان بەسەرداگرت، ئەمە ئێرانى زۆر توڕە کردووە و هەڕەشەى تۆڵەکردنەوە دەکەن.

ئیبراهیم زولفەقار وتەبێژی بارەگای ناوەندیی “خاتەمولئەنبیا”ی هێزە چەکدارەکانی ئێران رایگەیاند، ئەمریکا بەم کارەی “ئاگربەست”ـی شکاندووە و دەستی داوەتە “دزیی دەریایی”.

بە وتەی ئەو بەرپرسە ئێرانییە، سوپای ئەمریکا تەقەی لە کەشتییەکی بازرگانیی ئێران کردووە لە ئاوەکانی دەریای عومان و سیستەمی رێدۆزی (ناوبەری) کەشتییەکەیان پەکخستووە.

زولفەقار، هێزەکانی مارێنزی ئەمریکای بە “تیرۆریست” ناو برد و وتی “چوونەتە سەر پشتی کەشتییەکە و دەستیان بەسەردا گرتووە”.

“هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەم زووانە وەڵامی ئەم دزییە دەریاییە چەکدارییەی سوپای ئەمریکا دەدەنەوە و تۆڵەی دەکەنەوە.” ئیبراهیم زولفەقار واى وت.

ئەم کاردانەوەیەی ئێران دوای ئەوە دێت کە فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاندبوو کە کەشتییەکی جەنگییان بەهۆی “پێشێلکردنی گەمارۆکان”ەوە، بزوێنەری کەشتییەکی ئێرانییان پەکخستووە و دەستیان بەسەردا گرتووە. ئێستا هەردوولا یەکتر بە پێشێلکاری تۆمەتبار دەکەن و ناوچەکە بەرەو گرژیی زیاتر دەچێت.