وەزارەتی كار هەلی كار دەڕەخسێنێت

964+
كوردستان ئەحمەد

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەرفەت بۆ دەرچوانی دانەمەزراو دەڕەخسێنێت و کۆمەڵێک هەلی کار رادەگەیەنێت.

وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی ژمارەیەك هەلی كاری بۆ دەرچوانی دانەمەزراو بەشێوەی گرێبەستی ناحكومی لەگەڵ رێكرخراوێكی نێودەوڵەتیدا كە كاری هاوبەش لەگەڵ وەزارەتەكەدا ئەنجامدەدات رادەگەیەنێت.

ئەو كەسانەی كە دادەمەزرێن ئەركەكەیان بریتی دەبێت لە كاركردن لە خانەكانی منداڵانی پێسەرپەرشت و پیر وپەككەوتەكان و سەنتەرەكانی منداڵان و ماڵەكانی داڵدەدانی ژنانی هەڕەشەلێكراو سەنتەرەكانی راهێنان.

مەرجەكانی وەرگرتن:

پێویستە خوازیار تەمەنی لە 40 ساڵ زیاتر نەبێت.
پێویستە خوازیار دانیشتووی (سەنتەری شاری ھەولێر) بێت.
پێویستە خوازیار زانیاری راست و دروست پێشکەش بکات و لە ئەگەری تۆمارکردنی زانیاری هەڵە و نادروست داواکاری دامەزراندنی رەت دەکرێتەوە.
نابێت خوازیار مووچەخۆر بێت لە هیچ دامودەزگایەکی حکومی و کەرتی تایبەت.
ئارەزومەند پێویستە بەڵگەنامەکانی ( ئەصڵی و کۆپی کراو) لە ڕۆژی سەردان کردنی ئامادەبکات ( کارتی نیشتیمانی ، کارتی زانیاری ، پشتگیری موختاری گەڕەک ، بڕوانامە یان پشتگیری دەرچوون) .
پێویستە خوازیار زمانی ئینگلیزی بزانێت و توانای (نوسین، خوێندنەوە، قسەکردن) ھەبێت.
پێویستە خوازیار توانای بەکارھێنانی کۆمپیوتەری ھەبێت.

وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی دەڵێت پڕۆسەی پێشكەشكردنی سیڤیە و بە چەند قۆناغێك دەبێت.

قۆناغی یەکەم: دەرگای پێشکەش کردنی داواکاری دامەزراندن ڕاستەوخۆ دەبێت لە نوسینگەی تایبەتی وەزیر.
بۆ ماوەی یەک ھەفتە پاشان بەڵگەنامەکانی لەگەڵ هاوپێچ بکرێت لە ناو فایلێک.

قۆناغی دووەم : لەلایەن لیژنە تایبەتمەند چاوپێکەوتن و خاڵ بەندی دەکرێت بۆ دەستنیشانکردنی کەسانی شایستە.

وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی لە رۆژی 30.5.2023 تا 15.6.2023 فۆڕمەكان وەردەگرێت و لیژنەیەك سەرپەرشتی كارەكان دەكات.