شێوەکارێکى کۆیە ئەو کارەى کردووە
تەور کۆتایى بەدوو دارى بەتەمەن هێنا؛ فڵچەیەک ژیانى بۆ گەڕاندنەوە
964+
دەریا ئەحمەد- کۆیە
لە نزیک پارکى رەیحانە لە شارى کۆیەى مەلاى گەورە و حاجى قادر، لە ماوەکانى رابردوو تەور کۆتایى بە ژیانى دوو دارى بەتەمەن هێنابوو، بەڵام شێوەکارێک لە رێگەى بیرۆکەیەکى هونەرییەوە و بە فڵچەکەى دەستى، ژیانێکى نوێى پێ بەخشینەوە.
هونەر ئەکرەم کە شێوەکار و جوان بینێکى شارى کۆیەیە، رۆژێک بە شەقامى نزیک پارکى رەیحانەدا تێدەپەڕێت و دەبینێت ئەو دوو دارە وەک کۆلکەیەک لەسەر رێگا ماونەتەوە و بوونەتە بەربەست بۆ رێ رۆشتنى هاوڵاتیان، بەڵام ئەو لەو کاتەدا بیرۆکەى کارێکى هونەرى بۆ دێت و بڕیار دەدات بە فڵچەى دەستى و رەنگە دڵخوازەکانى، پاشماوەى دارە بڕدراوەکان رەنگ بکات و لە رێگەى کارێکى هونەرییەوە ژیانێکى نوێیان بەبەردا بکاتەوە.
ئەو شێوەکارە لە رێگەى کارەکەیەوە دەیەوێت پەیامى هاوارى ژینگە و دارەکان دژى بڕینەوەیان بە گوێى خەڵک دابدات و لە هەمان کاتدا ئەو کۆسپ و لەمپەرەى بەهۆى بڕینەوەى دارەکان لەسەر شەقامەکان دروستببوو، بگۆڕێت بۆ دیمەنێکى جوان و مۆنیۆمێنتێکى بچووک لەسەر شەقامەکە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح