“ژنەکەم بەھاوکاری کوڕەکەم چەندینجار ھەوڵی کوشتنی داوم” ئەمساڵ پێنج پیاو بە دەستی ژنەکانیان کوژراون

+964

دیلان محمەد – سلێمانی

ئومێد سەعید، یەکێکە لەو پیاوانەی لەلایەن ژنەکەیەوە لە ماڵ دەرکراوە، دەڵێ؛ ژنەکەم لەگەڵ کوڕەکەم پیلانی کوشتنی منیان دانابوو. سکرتێری یەکێتی پیاوانی کوردستانیش؛ لەمساڵدا ٤٢٧ پیاو توندوتیژیان بەرانبەر کراوەو پێنج پیاویش لەلایەن ژنەکانیان کوژراون.


ئومێد سەعید، یەکێکە لەو پیاوانەی لەلایەن ژنەکەیەوە توندوتیژی بەرانبەر کراوە، ئەو لە دیمانەیەکدا لەگەڵ +964 باس لە سەرهەڵدانی کێشەکەی لەگەڵ ژنەکەی دەکات و، دەڵێ؛ کوڕەکەم هۆکاری هەموو کێشەکان بوو.


ئومێد سەعید، ناوێکی خوازراوە، +964 لەبەر پابەندی بە ئیتیکی رۆژنامەوانی ناوی ئەو پیاوەی گۆڕیوە کە دیمانەی لەگەڵ کردووە، هاوکات پاراستن و بڵاونەکردنەوەی ناوەکەی، خواستی خۆیشی بووە.


“ژیانێکی ئاساییمان ھەبوو، بەڵام کێشەکانی کوڕەکەم لە دەرەوەی ماڵ کە دواجار هەمووی دەهاتەوە ماڵ، لەوانە دەستدرێژی کردنەسەر ماڵان و خەڵکی و ژنان، هەمیشە بنکەی پۆلیسی گەڕەک بلەسەر کێشەکانی ئەو کوڕەمان دەهاتنە سەرمان، ئیدی تاقەتم لێی نەماو بە پۆلیسم وت چیتر کوڕی من نیە”. ئومێد سەعید وادەڵێت، ئەوەشی خستەڕوو کە کوڕەکەی بەوەی زانیوە لەگەڵ دایکی بە گژیدا هاتوون.


زیاتر وتی “سەرەتا منیان لەناو ماڵ دەرکردو، جێگایان لە بەیتونە بۆ دانام کە پەنجەرەو دەرگایشی پێوە نەبوو، بە درێژایی زستان لەوێ بووم، تەنانەت خواردنیشیان نەدەدامێ، جگە لەوەی هەندێکجار کچەکانم بە دزییەوە خواردنیان دەدامێ، ئەوەی دیکە یان لە دەرەوە یان دراوسێ بۆیان دەهێنام، پێیان ناخۆش بوو ئەانیش بیهێنن”.

بوڕھان عەلی، سکرتێری یەکێتی پیاوانی کوردستان بە +964ـی راگەیاند، لە ١٠ مانگی ئەمساڵدا ٤٢٧ پیاو لەسەرتاسەری کوردستان لەلایەن ژنەکانیان توندوتیژییان بەرانبەر کراوە.
زیاتر وتی “لەم ماوەیەدا بەههۆی کێشە خێزانییەکان ٤٨ پیاو خۆیان کووشتووە، هەروەها پێنج پیاویش لەلایەن ژنەکانیان کوژراون”.

+964  دەزانێت، ساڵی رابردوو پیاوان ٥٦١ سکاڵایان لە یەکێتی پیاوان تۆمار کردووە، هەروەها ٦٨ حالەتی خۆکوشتنی پیاوانیش ھەبووەو، شەش پیاویش لەلایەن ژنەکانیانەوە کوژرا بوون.


ئەو ئامارە بەراورد بە ئاماری ١٠ مانگی یەکەمی ئەمساڵ کە هێشتا دوو مانگی ماوە، زۆر لە یەکەوە نزیکن و گۆڕانکارییەکی گەورە رووی نەداوە.

ئومێد سەعید تەمەنی ٦٤ ساڵەو، ماوەی چوار ساڵە لەلایەن کوڕو ژنەکەیەوە دەرکراوە، ئەو دەڵێ؛ کاتێک کوڕەکەم پێی زانیوە بە پۆلیسم وتووە چیتر حەقم بەسەر کێشەکانی کوڕەکەم نیە، بە چەک هێرشی کردە سەرم و هەوڵی کوشتنی دام.


زیاتر وتی “کوڕەکەم دەستدرێژی کردەسەر کچێکی ١٤ ساڵان و، نزیکەی ٢٠ ھەزار دۆلار ئاڵتونی لێ دزی بوو، لەسەر ئەمە پۆلیس بانگیان کردم، منیش پێموتن هیچ پەیوەندیەکم بەو کوڕە نیە، لەسەر ئەمە کوڕەکەم تەقەی لێکردم و منیش رامکردو ئەوە چوار ساڵە ماڵم جێهێشتووە”.

ئەو پیاوە تەمەن ٦٨ ساڵییە، سێ ساڵ و ھەشت مانگ لە خانوێکی کرێدا بە تەنیا ژیاوە، لەم ماوەیەدا کێشەکانی لەگەڵ ژنەکەی هیچ جارەسەر نەبووە، بۆیە “دواتر بڕیارمدا لە ژنەکەم جیا ببمەوەو خانووەکەم بفرۆشم و ژیانێکی نوێ دەستپێ بکەم، بەڵام لە دادگا ژنەکەم قورئانی خوێند کە سێ بەشی خانووەکە هی ئەوە، دادوەریش سێ بەشی خانوەکەمی بەو دا”.


زیاتر وتی “کوڕێکی ١٢ ساڵەم هەیە کە دایکی ئەویشی لەگەڵ من دەرکرد، ئێستا بەیەکەوە دەژین، دوو کچەکەشم هاتنە لای من و خوێندنیان تەواو کردووە”.

ئومێد دەڵێ؛ کوڕەکەی هێشتا وازی لێ ناهێنێت و دوای جیا بوونەوەو هەموو ئەو شتانە، چەندجارێکی دیکەش بە هاوکاری دایکی ھێرشی کردووەتەسەری و تەنانەت “برینداریشی کردووم، زەرەری زۆری لێداوم، لەسەر رێگای عەربەت بە سەیارە شکاندوویەتییە سەرم و منیش بە ماتۆڕسکیلەکەم خۆم کێشاوە بە دیوار، جارێکی دیکەش شیشێکی کێشاوە بە پشتمداو شوێنەواری پێوەی دیارە”.


بە قسەی ئومێد بێت، کوڕەکەی بە هۆی ئەو کێشانەی هەیبوو، لەلایەن دادوەرەوە حوکمدراوەو ئێستا لە زیندان دایە.

بوڕهان عەلی دەڵێ؛ تەداخولکردنی کەسوکار یەکێکە لە هۆکارە وەرەکییەکانی بەرزبوونەوەی رێژەی توندوتیژی بەرانبەر پیاوان، دوای ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دێت کە پاڵنەری دووەمە، ئینجا توندوتیژی زارەکی کە پیاوان سکاڵای زۆریان لەسەر ئەوە تۆمار کردووە.


زیاتر وتی “سێ جۆر کەیس دێنە لامان، گەنجان و لاوان، تازە ھاوسەران و لێک تێنەگەیشتن و تەداخولی خێزانی”.

ڤیدیۆ-دیلان محەمەد جەزا-سلێمانی-تایبەت بە +964