هەموو رۆژێک رووداوی ئاگر کەوتنەوە لە پووش و پاوانی کۆیە هەبووە

فەهمی نەبی

بەرگری شارستانی کۆیە دەڵێت لەماوەی یەک هەفتەدا هەموو رۆژێک رووداوی ئاگر کەوتنەوە لە پووش و پاوانەکانی کۆیە کەوتووەتەوە.

کۆیە دەکەێتە رۆژهەڵاتی شاری هەولێر بە دووری 70 کیلۆ مەتر، لەساڵی 1918 بووەتە قەزا، پێنج ناحیە لەخۆدەگرێت.

گۆران ئەحمەد سماقە، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی کۆیە ئەمڕۆ دووشەممە بۆ 964 قسەیکردووە دەڵێت، “لە ماوەی هەفتەیەکدا 11 رووداوی ئاگر کەوتنەوە لە پووش و پاوان روویانداوە، وا پێشبینی دەکەین دوای ماوەیەکی دیکە بگاتە پێنج رووداو بۆ هەر رۆژێک”.

گۆران ئەحمەد سماقە، هۆکاری ئەو رووداوانە بۆ فڕێدانی جگەرە لەلایەن شۆفێران دەگەڕێنێتەوە، هاوکات دەڵێت خەڵکانێک هەن بۆ خواردن دروستکردن ئاگر دەکەنەوە و جێیدەهێڵن.

قەزای کۆیە 13 بنکەی ئاگر کوژێنەوەی هەیە.

یەکێکی دیکە لەو هۆکارانەی کە دەبێتە هۆکاری ئاگر کەوتنەوە و بەڕێوەبەی بەرگری شارستانی کۆیە دەڵێت، هەندێک زەوی هەیە دەکەوێتە نێوان دوو گوند، خەڵکی یەکێک لەو دوو گوندە ئاگر لە پووش و پاوانی ئەو زەوییە بەردەدات.