سوپای پاسدارانی ئێران:

“دوو کەشتی جەنگی ئەمریکا و بەلەمێکی بێ سەرنشینی ئەو وڵاتەمان بە ئامانج گرت”

شۆڕش قادری

سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت، دوو کەشتی جەنگی ئەمریکا و بەلەمێکی بێ سەرنشینی ئەو وڵاتەیان لە گەرووی هورمز بە ئامانج گرتووە.

سوپای پاسداران لە دوو راگەیەنراوی جیاجیادا رایگەیاندووە، بە موشەکی بالیستی دوو کەشتی جەنگی ئەمریکایان بە ئامانج گرتووە کە بەشداربوون لە گەمارۆی دەریایی سەر ئێران و کێشەیان بۆ کەشتییەکانی ئەو وڵاتە دروست کردووە.

ئاماژە بەوەش کراوە، دوای ئەو هێرشە ئەو دوو کەشتییە ناچار بوون لە ئاوەکانی نزیک ئێران دوور بکەونەوە و هەڵاتوون.

بەقسەی سوپای پاسداران جگە لەو دوو کەشتییە هێرشیان کردووەتە سەر بەلەمێکی بێ سەرنشینی ئەمریکا کە لەڕێی دوورەوە کۆنتڕۆڵ کراوە و ویستوویەتی بچێتە ناو سنووری ئاوی گەرووی هورمزەوە.

سوپای پاسداران دەڵێت، گەرووی هورمز لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دایە و ئەمریکا هەر جوڵەیەک لەو ناوچەیە بکات، بە توندی رووبەڕووی دەبنەوە.

پێشتریش سوپای پاسداران رایگەیاندبوو کە سێ کەشتیی دیکەیان لە نزیک ئاوەکانی ئێران بە ئامانج گرتووە بێ ئەوەی ئاماژە بە ناونیشان و خاوەندارێتی ئەو کەشتیانە بکات.

فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) بە ئامانجگرتنی ئەو دوو کەشتییە جەنگییەکەی وڵاتەکی پشتڕاست کردووەتەوە و رایگەیاندووە کە لە بەرامبەر ئەو هێرشەدا، سێ کەشتی نەوتهەڵگری سوپای پاسدارانیان بە ئامانج گرتووە.

چەند رۆژێکە گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا سەریهەڵداوەتەوە و چەند جارێکیش دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا گەرووی هورمزی بە بەشێک لە خاکی وڵاتەکەی ناساندووە و رایگەیاندووە، کۆنتڕۆڵی تەواوەتی گەرووەکە لە دەستی خۆیاندایە.