كارمەندانی شارەوانی هەولێر لەكاتی پاككردنەوەی نەمام و گوڵەكان، وێنە: شارەوانی هەولێر
گوڵ و نەمامەكانی شەقامەكانی هەولێر هەڵپاچران
+964
كوردستان ئەحمەد
شارەوانیی هەولێر هەڵمەتێكی بۆ پاككردنەوە و رێكخستن و هەڵپاچینی نەمام و گوڵی بلوارەكانی شەقامەكان دەستپێكرد.
كارمەندانی شارەوانی بە مەقەست، برنگ، كەتەر، داس و تەوراسەوە، گوڵ و دارەكان هەڵدەپاچن، هەر پەل و پۆیەك وشك بووبێت و كەوتبێتە ناو شەقامەكەوە دەبڕدرێت.
بەشێك لە گوڵ و نەمامەكان هێماكانی هاتوچۆیان شاردووەتەوە، ئەوانیش هەڵدەپاچرێن و ئەو بەشە دەبڕدرێت، كە بەری هێماكەی گرتووە و شۆفێر نایبینێت.
شارەوانیی هەولێر لە بارەی هەڵمەتەكەوە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نوسیوویانە، هەڵمەتەكە بەردەوام دەبێت و هەموو شتێك بە باشترین شێوە بەڕێوەدەچێت و سەرجەم بلوارەكانی هەولێر رێكدەخرێنەوە.
لە یەكەم رۆژی هەڵمەتەكەدا، شەقامەكانی گۆڵدن زۆن، سەد مەتری، نزیك مەحكەمە و فولكەی باز رێكخرانەوە و تا تەواوی شارەكە رێكدەخرێتەوە، بەردەوام دەبن.