دەست بەسەر دوو پاسپۆرت و ئیقامەی ساختەکراوی ئەڵمانیا گیرا

فەهمی نەبی

لە دەروازەی حاجی ئۆمەران دەست بەسەر دوو پاسپۆرتی ساختەدا گیرا، کە چەندین مۆری وڵاتانی بە ساختە لەسەر بووە، هاوکات ئیقامەی ساختەکراوی وڵاتی ئەڵمانیایان لابووە.
بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران رۆژی شەممە ئەو هەواڵەی لە ئەکاونتی فەرمی دەروازەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاوکردووەتەوە.

راگەیاندنی دەروازەی حاجی ئۆمەران، دەڵێن ئەو دوو هاوڵاتییەی دەستگیرکراون “بە رەگەز تورک”ن، ئیقامەی ساختەکراوی وڵاتی ئەڵمانیایان پێبووە، ئەو دوو کەسە پاسپۆرتەکانیشیان ساختە کردووە، هاوکات بەسەر لاپەڕەکاندا مۆری چەندین وڵاتی بەسەرەوە بووە، کە سەرجەمیان ساختەکراو بوون.

ئەو دوو کەسە ویستویانە لە دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەرانەوە بچن بۆ ئێران، بەڵام بەگوێرەی ئەو راگەیەنراوەبێت، کە دەروازەکە بڵاویکردووەتەوە، لێهاتوویی کارمەندەکانی دەروازەکە وایکردووە ئەو دوو کەسە ئاشکرا بکرێن.

ئەو کەسانە رۆژی هەینی ویستویانە بە دەروازەی حاجی ئۆمەراندا تێبپەڕن، بەڵام دەستگیرکراون.

دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران دەکەوێتە سنووری هەرێمی کوردستان لە پارێزگای هەولێر و ئێران، لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستانەوە سەرپەرشتی دەکرێت.