گەنجێکە و لە کەلار فێعلەکەی کردووە

بە شەش ئەکاونتی ساختە لە تیکتۆک و سناپ چات وێنەی ژنانی بڵاودەکردەوە؛ دەستگیر کرا

شۆڕش قادری

لە تیکتۆک و سناپ چات ئیشی ئەوە بووە، وێنەی کچ و ژنان بڵاوبکاتەوە و هەڕەشەیان لێ بکات، پۆلیس دۆزییەوە و قۆڵبەستی کرد، گەنجێکی تەمەن 21 ساڵە و لە کەلار فێعلەکەی کردووە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان وێنەی گەنجەکەی داناوە و نووسیویەتی، لەدرێژەی ئەو هەڵمەتەی کە لەلایەن بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانەوە گیراوەتەبەر بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی کە لە تۆڕەکۆمەڵاتییەکان، دەبنە هەڕەشە بۆ سەر هاوڵاتیان، توانیویانە تۆمەتبارێک بەناوی ( ا – د ) تەمەن 21 ساڵ و دانیشتووی شاری کەلار بەتۆمەتی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی دەستگیر بکەن.

پاش لێکۆڵینەوە لەگەڵ تۆمەتبار و پشکنینی مۆبایلەکانی، دەرکەوتووە کە شەش هەژماری لە بەرنامەی تیکتۆک و سناپ چات بەکارهێناوە بەمەبەستی هەڕەشە کردن و بڵاوکردنەوەی ڤیدۆ و وێنەی تایبەتی ژنان.

لە ئێستادا تۆمەتبار بەپێی مادەی 2 لە یاسای خراپ بەکارهێنانی مۆبایل راگیراوە، پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵی بەردەوامە.

پۆلیسی گەرمیان داوا لە هاوڵاتیان دەکات، هەرکەس سکاڵای لەدژی هەیە، با سەردانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان بکات و سکاڵای خۆی تۆمار بکات.