کورتهێنان کێشە گەورەکەیە

“شەممە بودجە یەکلا دەبێتەوە”

964+
كوردستان ئەحمەد

بڕیارە شەممە پەرلەمانی عێراق كۆببێتەوە و دواین قسەی خۆیان لەسەر بودجە بكەن و بیخەنە دەنگدانەوە و تێپەڕێنرێت.

رۆژی پێنج شەممە،  لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەسەر دوایین وردەكارییەكانی پڕۆژە یاسای بودجە كۆببنەوە، بەپێی قسەی پەڕلەمانتاران گرفتێكی وەهای نەماوە تەنیا چەند پرسێكی بچووك هەیە گرفتیان هەیە.

چارەسەرنەكردنی كورتهێنان و كێشەی رێكنەخستنەوەی موچەی كارمەندانی حكومەت و موچەی مامۆستایانی كەركوك، بەشێكن لە گرفتەكان.

ئومێد محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە 964ی وت، پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراقدا، كێشەیەكی ئەوتۆی نییە، پشكی هەرێمی كوردستان لە سەروو پەرلەمانی عێراقەوە چارەكراوە، ئێمە لە پەرلەمان تەنیا دەنگی لەسەر دەدەین.

ماددەكانی )11,12,13,14(، چەند بڕگەیەكی تێدایە پەیوەستن بە پشكی هەرێمی كوردستانەوە، كێشەیەكی ئەوتۆیان لەسەر نییە، ئەمە قسەی سێ ئەندامی پەرلەمانی عێراقە بۆ 964 لە سێ فراكسیۆنی پارتی و یەكێتی و نەوەی نوێ.

كێشەی موچەی مامۆستایانی كەركوك، یەكێكی دیكەیە لە كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان وعێراق، مامۆستایانی كەركوك پێشتر سەر بە هەرێمی كوردستان بوون، ئێستا دەیانەوێت بیخەنە سەر عێراق، بەڵام ئەو مامۆستایانە لێبڕینی بنەڕەتیان بۆ كراوە بۆ خانەنشین بوون و پارەكەش لە هەرێمی كوردستانە، یان دەبێت ئەو پارەیە بگەڕێتەوە یان دەبێت، لە بودجەی هەرێمی كوردستان ببڕدرێت، ئومێد محەمەد وای وت.

رێبوار هادی ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لە فراكسیۆنی پارتی دەڵێت، كێشەی كورتهێنان كێشەیەكی گەورەیە و لەم پڕۆژەیاسایەشدا چارەسەر ناكرێت، هەرچەندە هەوڵی زۆری بۆ دەدەن، بەڵام ئەوە چارەسەركردنی زۆر ئاسان نییە.

یەكێكی دیكە لە كێشە گەورەكانی پەرلەمانی عێراق بریتییە لە بودجەی رێكخستنەوەی موچەی فەرمانبەرانی حكومەتی عێراق، كە بۆ ئەوەش پێویستیان بە هەشت ملیار دینار هەیە، بەڵام ئەو پارەیە ناتوانرێت دابین بكرێت، بەهۆی كوردتهێنان و خەرجی زۆرەوە.

بۆ ئامادەكردنی ئەم هەواڵە گفتوگۆمان لەگەڵ هەشت پەرلەمانتاری جیاواز كردووە، زۆربەیان دەڵێن، ئەگەری زۆر هەیە شەممە پەرلەمان بودجە تێپەڕێنێت، بەڵام عێراق هەمیشە لە بەردەم ئاڵۆزی و ئاستەنگدایە.

نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە 964ی وت، ئامادەكاری  تەواو كراوە بۆ تێپەڕاندنی بودجە و رێگە نادەین هیچ گرفتێك بۆ بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان دروست بكرێت.

پرۆژەیاساکانی بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵانی دارایی 2023، 2024 و 2025 و داهاتی فرۆشتنی نەوت لە بودجەی گشتییدا، بە 117 تریلیۆن و 252 ملیار دینار خەملێنراوە و داهاتی نانەوتییش بە 17 تریلیۆن و 301 ملیار دینار خەملێندراوە، پشکی هەرێم لە پڕۆژە یاساکەدا بە 12.67% دیاریی کراوە.