قەزای رانیە - وێنە: 964
لە راپەڕین هەوکردنی پەردەی مێشکی منداڵ تۆمارکراوە
ژێوار خدر
پەتای هەوکردنی مێشک گەیشتە سنوری راپەڕین و نەخۆشخانەیەک تایبەت دەکرێت بەو منداڵانەی تووشی نەخۆشییەکە بوون.
لە ئێستادا 22 منداڵ لە سنوری ئیدارەی راپەڕین تووشی پەتای هەوکردنی پەردەی مێشک بوون و لەژێر چاودێریدان.
تەها محەمەد بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستی راپەڕین بە 964ـی وت، “ئەو 22 منداڵەی تووشی پەتای هەوکردنی مێشک بوون، 12یان دانیشتوی قەزای پشدەرن و 10یان لە رانیەن”.
هەوکردنی پەردەی مێشک حاڵەتێکە تیایدا ئەو پەردەیەی دەوری مێشک و دڕکەپەتک دەدات تووشی هەوکردن دەبێت جا بە ڤایرۆس بێت یان بەکتریا.
وتیشی، نەخۆشخانەی ژیان لە رانیە تایبەتکراوە بە توشبووانی پەتاکە و لەوێ چارەسەر وەردەگرن، روونیشیکردەوە “ئامادەکاری تەواو”یان کردووە بۆ چارەسەر و رێگریکردن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی 964، تاوەکو ئێستا سەدان منداڵ وەکو توشبووی هەوکردنی پەردەی مێشک لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.