وەرزشکردن دەبرێتە نێو گوندەکان

یادگار محەمەد – سلێمانی

لە هەنگاوێکی نوێدا و بە ئامانجی پەرەپێدان و گەیاندنی وەرزش بە گوندەکان، بەڕێوەبەرایەتی وەرزشی سلێمانی تیمی گەڕۆکی وەرزشی دروست دەکات کە لە چەند راهێنەرێک پێک دێت، ئەم تیمە هەفتانە سەردانی گوندەکان دەکەن، بە مەبەستی وەرزشکردن بە منداڵ و لاوانی گوندەکان.

کاروان شێخ زیرەک، بەڕێوەبەری وەرزشی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، وەک ئاشکرایە لە دوای تەواوبوونی وەرزی خوێندن، منداڵان بەهۆی دوورکەوتنەوەیان لە قوتابخانە و خوێندنگەکان دادەبرێن لە وانەی وەرزش، هەر بۆیە بیریان لەوە کردەوە کە رێگەیەک دابنێن بۆ ئەوەی لە وەرزی هاوینیشدا منداڵان دوورنەکەونەوە لە وەرزشکردن.

وتیشی، لە وەرزی خوێندندا بەڕێوەبەرایەتییەکەیان لە قوتابخانەکاندا سیمیناری وەرزشی رێکدەخست، بەڵام دوای دەستپێکردنی پشووی هاوین بریاردرا تیمی وەرزشی گەڕۆک دابمەزرێنن، کە خۆی لە چەند راهێنەرێکی یارییە جیاوازەکان دەبینێتەوە، تاوەکو سەردانی گوند و لادێکانی سنوری پارێزگای سلێمانی بکەن و وەرزش بە منداڵان و لاوان بکەن، هەروەها لەگەڵ ئەوەشدا چەندین کەلو پەلی وەرزشی بگەیەننە منداڵان و لاوانی ئەو گوندانە.

بەڕێوەبەرایەتی وەرزش جگە لەوەی کە ئامانجێتی وەرزش بگەیەنێتە گوندەکان، هەوڵیش دەدات سوود لە تواناکانی منداڵی بەهرەمەند وەربگرن بۆ داهاتووی وەرزشی پارێزگای سلێمانی.

پیداچوونەوە: توانا نەقی