هونەرمەندە کۆمیدییەکەی زاخۆ گیانی لەدەستدا

964+

شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

کاتژمێر 5ـی ئێوارەی ئەمڕۆ، هونەرمەندێکی کۆمیدی زاخۆ بە مردووی لە ماڵی خۆی دۆزڕایەوە.

لاوین عەباس حسێن، هونەرمەندە کۆمیدییەکەی زاخۆ بە مردووی لە ماڵەکەیدا دۆزرایەوە.

لاوین کە هونەرمەندێکی کۆمیدییە و ناسراوە بە (ئەبو عەیشێ) تەمەنی 58 ساڵە و دانیشتووی گەڕەکی خابوورە لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ.

لاوین، لە حەفتاکانی سەدەی رابردوو هاتووەتە ناو کایەی هونەر و ژەنیاری تەپڵ بووە و تەپڵیشی بۆ هونەرمەند ئەردەوان زاخۆیی لێداوە.

ئەبو عەیشێ، کەسایەتییەکی ناسراوی دەڤەری بادینان و زاخۆ بوو، لەم ماوەی دواییدا بە تاکسییەکەی کە سەرچاوەی بژێوی ژیانی بوو، هەمیشە لەناو خەڵک بووە و قسەی خۆشی بۆ دەکردن.

لاوین، ژیانی هاوسەری پێک نەهێناوە و ئەمەش هۆکار بووە لەوەی بە تەنیا لە ماڵەکەیدا بژیت.

ئەحمەد رەمەزان، وتەبێژی پۆلیسی زاخۆ مردنی ئەو هونەرمەندە پشتراستیکردووە و وتی، پەڕاوی لێکۆڵیەوەمان کردۆتەوە بەدوای هۆکاری گیان لەدەستدانەکەی دەچین.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق