"700 دۆلاریان پێدام نەمفرۆشت"

گوێدرێژە یاخییەکە گەڕێندرایەوە زێدی خۆی؛ ئیسراحەتی کرد

میلاد جەلال – گەرمیان

ئەو گوێدرێژەی لە دورگەی ئەسپەکان لە قەزای دەربەندیخان، کە لە ماوەی رابردوودا لە سۆشیاڵ میدیا ببووە ترێند و پەلاماری چەند گەشتیارێکی دابوو، لە دورگەکە دورخرایەوە و خاوەنەکەی بردیەوە بۆ گوندەکەی خۆیان.

ئاکۆ فاتیح خاوەنی گوێدرێژەکە بە 964ـی وت، “ئەو گوێدرێژە ماوەی دوو ساڵە لەو دورگەیەیە، ھیچ گرفتێکی نەبووە، بەڵام لە چەند رۆژی رابردوودا پەلاماری منداڵێک و چەند گەشتیارێکی گەنجی دابوو”.

“وتمان با کارەسات دروست نەبێت و گوێدرێژەکەمان بردەوە بۆ گوندەکەی خۆمان، ئێستا بۆخۆی بەناو گوندەکە دەسوڕێتەوە و لەوپەڕی موڕتاحی دایە”، ئاکۆ فاتیح وای وت.

ئاماژەی بەوەش کرد، گوێدرێژەکەی ئێستا بووە بە ترێند، دوێنێ ھاوڵاتیەکی عەرەب پەیوەندی پێوەکردووە بڕی 700 دۆلاری پێداوە، بەڵام نەیفرۆشتووە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری