شوێن بۆ سەگە بێلانەکانی کەلار دروست دەکرێت
+964
هونەر فارس- گەرمیان
شوێنێک بۆ داڵدەدانی سەگی بێ لانە لە کەلار دروست دەکرێت و لیژنەشی بۆ پێکهێنراوە.
شێڵتەرەکە لەلایەن شارەوانیی کەلارەوە دروست دەکرێت و ئەرکی خزمەتکردن و بەخێوکردنی دەکەوێتە ئەستۆی وەزارەتی کشتوکاڵ.
ئەکرەم ساڵح، سەرۆکی شارەوانیی کەلار بە 964ی وت: لەسەر ئاستی ئیدارەی گەرمیان لیژنەیەکمان بۆ دروستکردنی شێڵتەرەکە پێکهێناوە، چاوەڕێین بڕیار لەسەر کات و شوێنی دروستکردنی شێڵتەرەکە بدرێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، پێشتر پێشنیاری شوێنێکیان کردووە لە تەنیشت سەربڕخانەی کەلار، بەڵام دەبێت شوێنەکە رەزامەندیی ڤێتێرنەری بۆ وەربگیرێت.
بەهۆی نەبوونی شێڵتەری داڵدەدانی سەگی بێلانەوە، ئامارێکی دروست لە بەردەست نییە، بەڵام رۆژ بە رۆژ ژمارەی سەگە بێلانەکان لە گەرمیان لە زیادبووندایە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا