شه‌قڵاوه‌ ده‌یه‌وێت به‌ ئه‌زموونێكی به‌ڕازیلى كانیاوه‌كانى ببوژێنێته‌وه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

له‌ قه‌زاى شه‌قڵاوه‌ كار ده‌كرێت بۆ بووژاندنه‌وه‌ى سه‌رچاوه‌ى كانیه‌ وشكبووه‌كان، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ رووپێوێك كراوه‌ و قایمقامیش ده‌ڵێت، به‌ نیازین ئه‌زموونی وڵاتى به‌ڕازیل له‌ شه‌قڵاوه‌ تاقیبكه‌ینه‌وه‌.

لیژنه‌یه‌ك له‌ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سەرچاوەکانی ئاوى هه‌رێم بە ھاوکاری رێکخراوی UNICEF رووپێوێكیان له‌ سه‌نته‌رى شه‌قڵاوه‌ بۆ بووژانەوەی کانیاو و سەرچاوەکانی ئاو لە شەقڵاوە، ئه‌نجامداوه‌.

كاروان كه‌ریم خان، قایمقامی شه‌قڵاوه‌ به‌ 964ـى راگه‌یاند، ده‌یانه‌وێت ئه‌زموونێكی وڵاتى به‌رازیل له‌ شه‌قڵاوه‌ بۆ بووژاندنه‌وه‌ى سه‌رچاوه‌ وشكبووه‌كان تاقیبكه‌نه‌وه‌.

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، تیمێكى به‌ڕازیلى سه‌ردانیان كردوون و ئه‌زموونێكی وڵاته‌كه‌ى خۆیان بۆ بووژاندنه‌وه‌ى سه‌رچاوه‌ وشكبووه‌كان خستووه‌ته‌ڕوو.

ئه‌و ئه‌زموونه‌ى وڵاتى به‌ڕازیل بریتییه‌ له‌ هه‌ڵكه‌ندنى چاڵێك بۆ كۆبوونه‌وه‌ى ئاو به‌ شێوه‌یه‌كی زانستى، بۆ ئه‌وه‌ى كۆبوونه‌وه‌ى ئاو تێدا بتوانێت یارمه‌تیده‌ربێت بۆ زیادبوونى ئاوى ژێرزه‌وى و به‌ هۆیه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ى كانیاوه‌كان ببووژێنه‌وه‌.

قایمقام ده‌ڵێت “ئه‌و ئه‌زموونه‌ى له‌ به‌ڕازیل سه‌ركه‌وتوو بووه‌، هیوادارین لێره‌ش سه‌ركه‌وتوو بێت”.

ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد، له‌ ماوه‌ى ساڵانى رابردوودا، به‌ هۆی وشكه‌ساڵییه‌وه‌ هه‌شت سه‌رچاوه‌ى كانیه‌كانى ناو شه‌قڵاوه‌ وشكیان كردووه‌.

وتیشی “بۆ تاقیكردنه‌وه‌ى ئه‌م ئه‌زموونه‌ سه‌رچاوه‌ى ئاوى بێترمه‌مان له‌ شه‌قڵاوه‌ ده‌ستنیشان كردووه‌”.

له‌ دیارترین كانیاوه‌كانى شه‌قڵاوه‌ كه‌ ئێستا به‌شێكیان وشكیان كردووه‌:

کانی دەنگارە : کەوتووەتە دۆڵی دەنگارە، پێشتر ‌ئاوێکی زۆری لێھەڵدەقوڵا و شەپۆلی دەدا، رووبارێکی لەبەر دەڕۆیشت .

کانی مزگەوتی گەورە : دەکەوێتە ناو مزگەوتی گەورەی شەقڵاوە، رێڕەوی سەرچاوەی کانیاوەکە لەگەڵ کانی دەنگارە تێکەڵ بەیەك دەبن.

کانی سەقاو : ھەمان رێڕەوی سەرچاوەی دەنگارە و کانی مزگەوتە، جاران کانیاوێکی تایبەت بوو بە ژنان، بۆ کۆر (حه‌مام) کردن پێداویستییەکانیان بەکاریان دەھێنا.

کانی شێخ سەید : دەکەوێتە باخەکانی گەڕەکی بێترمە، دووسەد مەترێک لە سەرچاوەی ئاوی بێترمە دوورە و ئێستاش ئاوەکەی ماوە.

کانی بێترمە: لەبەر ئەوەی کەوتووەتە گەڕەکی بێترمە ئەم ناوەی لێنراوە چەند جارێک وشکی کردووە و ژیاوه‌ته‌وه‌.

ناوەنجی: تا ئێستاش ئاوێکی زۆری لەبەر دەڕوات، دار چنارێکی زۆری لەبەر رواوە، دار چنارێکی ھەیە تەمەنی بە زیاتر لە 700 ساڵ مەزەندە دەکرێت.

کانی خومان: ئەو کانیاوە دەکەوێتە بەر دۆڵی شێخ وسو رەحمان ( مار رەبەن بویا)، پێشتر جوولەکەکان کاری خمکردنیان لەسەر ئەو کانیاوە ئەنجام دەدا.

کانی ئاغان: دەکەوێتە سەرەتای بەشی رۆژئاوای شەقڵاوە، نزیک پەیکەری کاوێس ئاغای ئێستا، ئێستا وشکی کردووە.

کانی مزگەوت : ئاوێکی زۆری لەبەر دەڕوا، ئێستا کانی (جۆت بەلووعە)شی پێدەڵێن.

سارەکۆز : کەوتووەتە یەکێک لە باخچەکانی گەڕەکی (چۆمی خینێ)، ئاوێکی سازگاری ھەیە.

دەرماناوە : دەکەوێتە دامێن گردی شینکان، ئاوەکەی تام و بۆنێکی ناخۆشی ھەیە، بۆ چارەسەری نەخۆشیەکانی پێست بەکارده‌ھێنرێت.

بێقۆن : ئەم کانیاوە کەوتۆتە گەڕەکی زێوەر، ئاوێکی زۆری لەبەر رۆیشتووە و به‌شی به‌راوكردنى زۆرێك له‌ باخچه‌كانى ئه‌و سنووره‌ بووه‌ و ئێستا وشكی كردووه‌.