40 هەزار دینار غەرامە دەکرێن

وەزارەتی ناوخۆ هۆشداری دەداتە شۆفێری تاکسییەکان


دێسکی کوردی

وەزارەتی ناوخۆ لە راگەیەندراوێکدا هۆشداری دەداتە شۆفێری تاکسییەکان و دەڵێت، ئەگەر تاوەکو 15ی تەمموزی ئەمساڵ لۆگۆ نەبەستن ئەوا لە پاش ئەو رێکەوتە لە هەر شوێنێک ببینرێن بە بڕی 40 هەزار دینار غەرامە دەکرێن.

ئەم بڕیارە ئەوانەش دەگرێتەوە کە لۆگۆکەیان لێکردووەتەوە یان دەستکاری کارتی زانیاری (زانیاری لەسەر شۆفێر)یان کردووە.

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ هەینی، 19.5.2023، ئەم هۆشدارییەی بڵاوکردەوە.

تیایدا هاتووە، ئەگەر شۆفێرەکە تاوەکو مانگێک نەچێت بەلای کاروبارەکانیەوە و یەکلای نەکاتەوە، ئەوا سزاکەی بۆ دەکرێتە دوو هێندە.

لۆگۆی تاکسی، پرۆژەیەکی هاوبەشی نێوان هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و گواستنەوەی هەرێمی کوردستانە و بە قسەی ئەو وەزارەتانە، ئامانج لێی ئامادەکردنی کەشێکی ئارامە بۆ ئەو هاوڵاتیانەی کە رۆژانە تاکسی بەکاردەهێنن.

بەگوێرەی پرۆژەکە، هەموو زانیارییەکانی شوفێری تاکسی لە لای بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوەی تایبەتمەند دەپارێزرێت و سەرنشین لەگەڵ سەرکەوتنی بۆ هەر تاکسییەک، لە رێی ئەو کارتانەی زانیاری کە هەڵدەواسرێن، زانیاری لەبارەی شوفێرەکە دەزانێت.

ئەو پێنج خاڵەی وەزارەتی ناوخۆ لە راگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی پێکردوون:

1- هەموو تاکسییەک لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان تا 15ی تەمموزی 2023 مامەڵەی لۆگۆی تاکسییان تەواوکردبێت و لۆگۆیان لێدابێت.

2- سێ کارتی زانیاری داواکراویان لەناو تاکسییەکانیان هەڵواسیبێت بەگوێرەی رێنمایی تایبەتمەند کە لە بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوە بۆیان دروستدەکرێت.

3- بە پێچەوانەوە لە دوای ئەو رێکەوتە دەسەڵات دەدرێتە ئەفسەری پۆلیسی هاتوچۆ لە کاتی بینینی تاکسی بێ لۆگۆ راستەوخۆ سزای دارایی بۆ بنووسێت (بە بڕی 40 چل هەزار دینار) و بە سیستم بۆی رەوانە بکرێت.

4- هەر شوفێرێکی تاکسی لە ماوەی مانگێک بڕی ئەو سزایەی دەکەوێتە سەری یەکلانەکاتەوە بەهۆی تەواونەکردنی لۆگۆوە یان سەرپێچیکردن بە دەستکاریکردنی لۆگۆ و کارتی زانیاری تاکسییەکە لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی تایبەتمەند، سزاکەی دەبێتە دوو بەرامبەر.

5- تاکسی ناوشار ناتوانێت لە هێڵەکانی دەرەوەی شار کار بکات و تاکسی هێڵەکانیش ناتوانن لە ناوشار کار بکەن.

هەربۆیە ئاگاداری هەموو شوفێرانی تاکسی دەکەینەوە کە سوود لەو ماوەی ماوە (کەمتر لە دوو مانگ) وەربگرن و بەزووترین کات سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوەی شارەکانیان بکەن بۆ تەواوکردنی لۆگۆی تاکسی، تاوەکو لە سزای دارایی و لێپرسینەوە خۆیان بپارێزن.