کارەبای سلێمانی: چیتر کەس کارەبای لە کەس زیاتر نابێت

+964

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

“لەمەودوا کەس نابێت کارەبای لە کەس زیاتر بێت”، ئەمە بڕیارێکی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمە، کە لە رێگەی لیژنەیەکەوە لە هەرێمی کوردستان جێبەجێی دەکات.

+964 لە زاری سیروان محەمەد، وتەبێژی کارەبای سلێمانییەوە دەزانێت، بڕیاری وەزارەتی کارەبا بۆ یەکسانکردنەوەی کارەبای هەر ماڵ و شوێنێک بۆ هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان گشتێندراوە.

وەک ئەو دەڵێت، لە بڕیارەکەدا نابێت هیچ کەس بە هەر بیانوو و ناونیشانێکەوە بێت کارەبای لە کەسی تر زیاتر بێت، “هەرکەسێکیش دوو کارەبای هەبێت دانەیەکیانی دەبڕدرێت.”

توانای بەرهەمهێنانی کارەبا لە وێستگەکانی هەرێمی کوردستان سێ هەزار و ٥٠٠ مێگاواتە، ئەوەش لەکاتێکدایە لە وەرزی زستاندا خواست لەسەر کارەبا بۆ نزیکەی شەش هەزار مێگاوات بەرز دەبێتەوە.

“لیژنەیەک سەرپەرشتیی ئەو کارە دەکات و کارەبای زیاد و دوو کارەبا لەژێر هیچ ناو و شوێنێکدا ناهێڵێت”، سیروان محەمەد وای وت.