کرێی پەخشی رادیۆ هەرزانکرا

964+

فەهمی نەبی

دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق داشکاندنی لە کرێی پەخشی رادیۆ راگەیاند.

ئەمڕۆ سێشەممە دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق، داشکاندنی بەڕێژەی %40 لە کرێی ساڵانەی پەخشی رادیۆ راگەیاند، ئەمەش بەوتەی خۆیان لەپێناو پشتگیرییە لە بەردەوامی رادیۆکان و کەمکردنەوەی خەرجییەکانیان.

هاوکات دەستەکە ئەوەشی راگەیاندوە ئەم هەوڵە لەپێناو گرینگیدانە بە پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانی عێراق کە خاوەنی رادیۆی زمانحاڵی خۆیانن.

964 سۆراغیکردووە بۆ ئەوەی بزانێت ئەو بڕیارە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی رۆشنبیری پێی وتین بڕیارەکە ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە دەرچووە، بەیانی کۆبونەوەی لەبارەوە دەکرێت و بڕیاری لەبارەوە دەدرێت.

بەپێی زانیارییەکان هەر رادیۆیەک لە هەرێمی کوردستان، ساڵانە بۆ کرێی پەخشی رادیۆ ملیۆنێک و 200 هەزار دینار دەداتە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن.

بەپێی ئامارێکی وەزارەتی رۆشنبیری هەرێمی کوردستان، ژمارەی ئەو رادیۆیانەی مۆڵەتی پەخشیان هەیە 180 رادیۆیە و تەنیا لەشاری هەولێر 63 رادیۆ پەخشیان هەیە.