باران کارەبای زیاتر لە ٥٠٠ ماڵی هەولێر دەبڕێت

“ئاو چووەتە بۆردی پێوەری زیرەکی ٥٠٠ ماڵ”

964+

هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی

لە هەولێر ماوەی دوو رۆژە زیاتر لە ٥٠٠ ماڵ کێشەی کارەبای نیشتمانییان هەیە، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەباش دەڵێت بەهۆی بارانبارین ئاو چووەتە نێو بۆردی پێوەری زیرەکی ئەو ماڵانە بۆیە کارەبایان بڕاوە.

کەمال عەساف، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای هەولێر/2 بە 964+ـی راگەیاند، لە دوێنێوە زیاتر لە ٥٠٠ ماڵ سکاڵی بڕانی کارەبەیەکەیان کردووە، بەشێکیان بە تەلەفۆن و بەشێکی دیکەشیان سەردانیان کردووین.

ئەو ماڵانەی کە کارەبایان بڕاوە دەکەونە گەڕەکەکانی بنەسڵاوە، رۆشنبیری، فەرمانبەران، قەزای پیرمام، ئەندازیاران، گوڵان، برایەتی، پێنجی حەسارۆک و دۆلاراوە.

“هەندێک کێشەی بۆردی پێوەری زیرەکمان هەیە، بۆردەکان لەگەڵ بارانبارین ئاو چووەتە ناویان و بەشێکیان شۆرتیان کردووە،” کەمال عەساف وای وت.

بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای هەولێر/2 وتیشی، بڕانی کارەبای ئەو ماڵانە هیچ پەیوەندی بە نەدانی قەرزی کارەباوە نییە و رۆژانە تیمەکانیان ناونیشان لە سکاڵاکار وەردەگرن و کێشەی کارەبایان بۆ چارەسەر دەکەن.