ئەمڕۆ
رۆژی جیهانی باڵندەی کۆچەرییە
964+
فەهمی نەبی
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان لە ساڵی 2006، بە راوێژ لەگەڵ چەندین رێکخراوی ژینگەپارێز، رۆژی 13ی ئایاری دیاریی کرد وەک رۆژی جیهانی باڵندە کۆچەرییەکان.
نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ ئەمساڵ چالاکیەکانی لەو رۆژەدا تایبەت دەکات بە گرنگیی ئاو لە ژیانی باڵندە کۆچەرییەکاندا، ئەمەش لەبەر ئەوەیە زۆربەیان لە ماوەی ژیانیاندا پشت بە ژینگەی ئاو دەبەستن.
لە بەشێکی ئەو هۆشدارییەی نەتەوە یەکگرتوەکان بڵاویکردووەتەوە، هاتووە، بە هۆی زۆریی پێداویستیی مرۆڤ بۆ بەکارهێنانی ئاو و پیسبوونی ئاوی دەریاکان مەترسی بۆ سەر ژیانی باڵندە کۆچەرییەکان هەیە، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما هۆکارێکی دیکەی کەمبوونەوەی باڵندە کۆچەرەییەکانە.
ئامانج لەو رۆژە بڵاوکردنەوەی هۆشیارییە بۆ پارێزگاریکردن لە باڵندە کۆچەرییەکان، لە پێناو پاراستنی هاوسەنگی ژینگەیی.
لە هەرێمی کوردستان پاساری، ریشۆڵە، حاجی لەق لەق و بوکەسوورە و چەندین جۆری دیکە، ئەو جۆری باڵندە کۆچەرییانەن کە لەگەڵ گۆڕانی وەرز گەرمیان و کوێستان دەکەن، لە وەرزی زستان دێن و کە گەرما دێت کۆچ دەکەن بەرەو ناوچە کوێستانەکان.