ئاکۆ بەهادین مەدالیای زیوی لە مل کرا

964+
یادگار محەمەد – سلێمانی

ئاکۆ بەهادین پاڵەوانی یاریی موای تای لە پاڵەوانیەتیی جیهان، پلەی دووەمی لە کێشەکەی خۆی بەدەستهێنا و مەدالیای زیوی لە مل کرا.

لە وڵاتی تایلاند و بە بەشداریی 102 وڵات، پاڵەوانیەتیی موای تای جیهان بۆ هەڵبژاردەکانی تەمەن ژێر 23 ساڵان کۆتایی هات.

هەڵبژاردەی عێراق یەکێک لە تیپە بەشداربووەکان بوو کە لە کۆی 12 یاریزانی بەشداربوو تەنیا یەک پاڵەوانی کورد لە ریزی هەڵبژاردەکە بوو، ئەویش ئاکۆ بەهادین بوو بە کێشی 48 کیلۆگرام بەشداری کرد.

ئاکۆ لە کۆی چوار یاری لە ناو رکابەرەکانیدا توانی دوو یاریی بباتەوە، لە یاریی فایناڵی کێشەکەی خۆیدا ئەم پاڵەوانە کوردە رووبەڕووی کوی نگۆیان داینی پاڵەوانی ڤێتنامی بووەوە، دوای ململانێیەکی زۆر پاڵەوانە ڤێتنامییەکە سەرکەوتنی بەدەستهێنا و مەدالیای زێڕی لە مل کرا و ئاکۆ بەهادینیش پلەی دووەم و مەدالیای زیوی بەدەستهێنا.

سیروان مینە راهێنەری ئەو پاڵەوانە کوردە بە تۆڕی 964ـی راگەیاند، لە کۆی زیاتر لە 200 یاریزان ئاکۆ بەهادین وەک تاکە یاریزانی کورد لە پاڵەوانیەتییەکەدا ئاستێکی بەرزی پێشکەش کردووە و توانیویەتی مەدالیایەکی زیو بۆ هەڵبژاردەکەی بەدەست بهێنێت، کە لە هەمان کاتیشدا ئەو ئەنجامە دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ وەرزشی کوردستان و شاری سلێمانی.

لە دوای تەواوبوونی رکابەرییەکانی موای تای بۆ هەڵبژاردەکانی جیهان لە کۆی 102 وڵاتی بەشداربوو، هەڵبژاردەی عێراق پلەی نۆیەمی بەدەستهێنا.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا