لیژنەی بۆ پێکهێندراوە

پڕۆژەیەک کێشە بۆ شەقامی 100 مەتری سلێمانی دروستدەکات

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە نزیک بازگەی دۆڵەڕووت لە بەشی رۆژئاوای سلێمانی کێشە بۆ بەشێکی شەقامی 100 مەتری سلێمانی دروستدەکات و پارێزگاری سلێمانیش لیژنەی بۆ پێکهێناوە.

پڕۆژەکە، کە لەسەر شەقامی سەرەکی دووسایدی دۆڵەڕووت – سلێمانی دروستدەکرێت، راستەوخۆ بەشێکی دەکەوێتە سەر ئەو زەوییەی لەو شوێنە شەقامە 100 مەترییەکەی پێدا دەڕوات.

دوێنێ چوارشەممە 10.5.2023 لیژنەیەک لە لایەن پارێزگاری سلێمانییەوە بۆ ئەو مەبەستە پێکهێندراوە تا چارەسەر بکرێت و کێشە بۆ شەقامەکە دروست نەکرێت.

خەدیجە عەبدولجەبار، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە 964ی وت، “ئێمە جەنابی پارێزگارمان لەو کێشەیە ئاگادار کردەوە بۆ ئەوەی پێش دەستکردن بە پڕۆژەکە کێشەکە چارەسەر بکرێت”.

دەشڵێت، بە مەیدانی سەردانی شوێنەکە دەکرێت و هەرچی پێویست بێت لەو بارەیەوە دەکرێت.

شەقامی 100 مەتری سلێمانی درێژییەکەی 146 کیلۆمەترە و مانگی حەوتی ساڵی 2020 لە لایەن کۆمپانیای قەیوانەوە دەستبەجێبەجێکردنی کرا و بڕیار بوو قۆناغی یەکەمی کە 32 کیلۆمەترە لە ماوەی سێ ساڵدا تەواو بکرێت، بەڵام تا ئێستا تەواو نەکراوە.